مەسروور بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی کۆریا کرد

پەیامی کورد   ...  مەسروور بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی کۆریا کرد

شەممە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ کۆنسووڵی گشتی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی كردبوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، سوپاسی کونسووڵی گشتی کۆریای کرد بۆ كار و چالاکییەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرک و کاری داهاتوویدا.

کونسووڵی گشتی کۆریا، پێزانیی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگی باشی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسووڵخانەی ووڵاتەکەی دەربڕی و ئامادەیی شی نیشاندا بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تایبەت بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە