مەسروور بارزانی : پێویستە بە هەموومان داکۆکی لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهید بکەین و بیپارێزین

پەیامی کورد      ...   مەسروور بارزانی :  پێویستە بە هەموومان داکۆکی لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهید بکەین و بیپارێزین 

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی بڵاوكردەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە ھاونیشتمانیان و چین و توێژەكانی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن، هیوادارم رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".

لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه‌، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤیرووسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، کە لە ئەنجامدا قەیران ودۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان درووستبوو ،‌ ئێستا کە له‌سه‌ر بوودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن. هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر ڕێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان . دووپاتیشی دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاند: "گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین، چونکە کەرامەت و سەربەرزی خەڵکی کوردستان، بەندە بە هەبوون و بەهێزبوونی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانمان. داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم، هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانیان بکەن. دڵنیام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەتوانین هەموو قەیران و ئاستەنگەکان تێپەڕینین".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە: "لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و  باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەری و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە. ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە، دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی  هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو".

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوزومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی 2021

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 2021 ، گەرمترین پیرۆزبایی لە  هاونیشتمانیانی کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەم . هیوادارم ساڵێکی پڕ لە کامەرانیی و ئاشتی و ئارامیی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان بێت لە کوردستان و عێراق و جیهاندا.

کوردستانییانی خۆشەویست :

لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه‌، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤیرووسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، کە لە ئەنجامدا قەیران ودۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دروستبوو ،‌ ئێستا کە له‌سه‌ر بوودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن. هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر  ڕێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان . دووپاتیشی دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین، چوونکە کەرامەت و سەربەرزی خەڵکی کوردستان، بەندە بە هەبوون و بەهێزبوونی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانمان. داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم، هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانیان بکەن . دڵنیام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەتوانین هەموو قەیران و ئاستەنگەکان تێپەڕینین.

لێرەدا جەخت لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و  باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە.

ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە، دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی  هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو.

ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و کوردستانیش هەمیشە، بەهێزتر و سەرفرازتر و ئاوەدانتر بێت.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2020/12/31


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە