مەسروور بارزانی : پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی سیاسەتی کابینەی نوێی ئەمریکا دەڵێت: "من خوێندنەوەیەکی جیاوازم نییە لەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە لە خودی ئەمریکییەکان دەبیستین، ئەوان دەیانەوێت بە تایبەتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین. بەڵام چۆنییەتی گەیشتن بە ئاشتی ڕێکاری جیاوازتریان هەیە؛ ئەوان باس لەوە دەکەن، ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە، کەواتا بە کارهێنانی هێز بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکرێت. ئینجا ئەگەر ئەم سیاسەتەکەیان بێت، دەبێت لایەنەکانی تریش بتوانن چۆن هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا بکەن."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "ئێمە پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا هەیە، بەتایبەت ئەو برادەرانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دۆستێکی کۆنی ئێمەیە، هەر وەختی خۆیشی کە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانی مافەکانی کوردستان بووە و چەندان بەرپرسی تریش لە شوێنە گرینگەکانی ئەم ئیدارەیە هەن کە دیسان ئەوانیش دۆستی نزیکی ئێمەن. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانمان لەگەڵیان، بەڵام هەمیشەش هەوڵی ئەوەمان داوە کە عاملی خێر بین و هەرچی بتوانین لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکەدا بێت، بەتایبەتی خەڵکی کوردستاندا بێت، ئێمە جەختمان لەو خاڵانە کردووەتەوە."
ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە