مەسیحییەکانی بەغدا بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن

پەیامی کورد     ...   مەسیحییەکانی بەغدا بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن

سەرۆکی ڕێکخراوی سورایا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری گوتی، لە بەغدا دەست بە ھەڕەشە لە مەسیحییەکان کراوە کە ئەگەر بەغدا چۆڵ نەکەن دەیانکوژن، بۆیە ناچارن بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان ئارامە و شوێنی پێکەوەژیان و ھەموو پێکھاتەکانە.

سەرۆکی ڕێکخراوی سورایا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، ڕایگەیاند : "بەنیسبەت ھەواڵی کۆچکردنی خێزانە مەسیحییەکان لە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان پێش مانگێک ھەڕەشەیان لێ کرا کە ھاووڵاتی مەسیحین و باوکی شەھید ڕیموون کە پێش دوو ساڵ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا شەھید بوو، دەڵێت، میلیشیا نەناسراوەکان ھەڕەشەیان کردووە و دواین جار ھەڕەشەیان لێ کردووە پێویستە لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا بەغدا بەجێ بێڵن، ئەگەرنا دەتانکوژین، ئێمەش وەکوو ڕێکخراوی سورایا بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشوازیمان لێ کردن، ھەولێر باوەشی بۆ ھەموو پێکھاتەکان کراوەیە و ئێستاش ھەڕەشە لە خزمەکانی ئەو خێزانە مەسیحییە کراوە، ئەوانیش ڕایان کردووە بۆ ھەولێر و ئێستا لە ھەولێر دادەنیشن و دەترسن بیانکوژن.''

نەوزاد پۆڵس گوتیشی: "ئێمە وەکوو مەسیحی وامان ھەست کرد دوای سەردانای پاپای فاتیکان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێتە شوێنی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و مەسیحییەکان دڵخۆش بووین بەوەی ناوچەکانی عێراق بەرەو ئارامی دەچێت، بەڵام بەداخەوە مەسیحییەکان لە ترسی ھەڕەشە بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەموو پێکھاتەکانە و مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان بەئارامی دەژین."

سەرۆکی ڕێکخراوی سورایا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ڕوونی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ھەمووان کردووەتەوە و بەغداش ئارامیی تێدا نەماوە و بەھۆی ھەڵبژاردن میلیشیاکان بەردەوام ھەڕەشە لە خەڵک دەکەن، بۆیە مەسیحییەکان کۆچ دەکەن بۆ ھەرێمی کوردستان."

گوتیشی: "تا ئێستا سێ خێزان گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ھەڕەشە لە خێزانی دیکەش کراوە، بۆیە خێزانی مەسیحی بەردەوام لە کەمبوونەوەدان، چونکە پێشتر ٥٠٠ ھەزار مەسیحی ھەبوو، ئێستا بووەتە ٥٠ ھەزار، بۆیە جگە لە ھەڕەشە، بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و نەبوونی ئیشوکارەوە ئەوانیش کۆچ دەکەن بۆ ھەرێم، چونکە ھەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنە بۆ مەسیحییەکان."


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە