مەلا بەختیار : هەموو هەوڵێك لەپێناوی بەستنی كۆنفرانس یان كۆنگرەی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی كەم تازۆری كێشەكان بە ئەركێكی پیرۆزی دەزانم
پەیامی کورد ... مەلا بەختیار : هەموو هەوڵێك لەپێناوی بەستنی كۆنفرانس یان كۆنگرەی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی كەم تازۆری كێشەكان بە ئەركێكی پیرۆزی دەزانم
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی رایگەیاند، حیزبەکان بێ جیاوازی، بە "تكاو پاڕانەوە نەهج و سیاسەتی خۆیان ناگۆڕن"، تەنانەت ئەوەی وایكرد بڕیار لەهەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت لەعێراقدا تكاو پاڕانەوە نەبوو لەحزبە شیعەو سووننەكان، بەڵكوو شەقامی راپەڕیوی بەغدا و ناصرییەو بەسڕەو شارەكانی دیكە بوون.
مەلا بەختیار لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی دەستپێشخەری كۆنفرانسی نیشتمانی رایگەیاند، "هەموو هەوڵێك لەپێناوی بەستنی كۆنفرانس یان كۆنگرەی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی كەم تازۆری كێشەكان بە ئەركێكی پیرۆز دەزانم، بەڵام لەم قۆناغەدا تەنها كۆنفرانسی هاوكاری دیموكراسی كوردستانی بەدرووست دەزانم، ببینن كە ووڵاتان ئەورووپا، پەرلەمانیان هەیە، یەك دراویان هەیە، كەچی ناشبنە یەك نەتەوەو تەنانەت ئەوانەی یەك زمانیشیان هەیە، وەكوو ئاڵمانیاو نەمسا، ئێوە هەوڵی خۆتان دەدەن و چەندتان پێدەكرێت، ئەركی خۆتان جێبەجێ دەكەن و ئەوەی دەمێنێتەوە، پەیوەستە بەڕادەی پەرۆشی لایەنەكان كە تا چ ئاستێك بەپیری تانەوەدێن".
داواشی لێکردن "واز لەسیاسەتی پینەوپەڕۆ و تكاو پاڕانەوە لە حزبەكان بهێنن" و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم حزبانە بێ جیاوازی، بە تكاو پاڕانەوە نەهج و سیاسەتی خۆیان ناگۆڕن، تەنانەت ئەوەی وایكرد بڕیار لەهەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت لەعێراقدا تكاو پاڕانەوە نەبوو لەحیزبە شیعەو سووننەكان، بەڵكوو شەقامی راپەڕیوی بەغدا و ناصرییەو بەسڕەو شارەكانی دیكە بوون، ئەگەرنا بە بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی سیاسی حزبەكانی عیراق بوایە، دوای تەواوكردنی چوار ساڵەكەش بیانوویان دەدۆزییەوە كە زۆر زیاتریش درێژە بكێشێت".
مەلا بەختیار لەبارەی دۆخی کوردستانەوە رایگەیاند، "بەداخەوە كە دۆخەكەیان وەكوو پانۆرامایەك لەبەرچاوە، كە باری ئابووری تەپیوە، سیستەمی حوكمڕانی لەئاستی قۆناغەكەو سەردەمەكە نییە، دەستوورمان نییە، مەسەلەی گەندەڵی چوەتە ناو ئەقڵی هەمو تاكێكەوەو هیچ كەسێك نییە ئێستا خوێنەوار بێ یان نا، نەزانێت ئەم قەیرانی داراییە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و شكستی ژێرخانی ئابوری، ئەمەش بۆتە مایەی درووستبوونی رایگشتی لە ناڕەزایی و لە ڕەخنە، بۆیە رای گشتی بەرهەڵستكارو سەربەخۆ لە دۆڵێكەو حكوومەت لە لووتكەیەكدایە".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە