مەلا بەختیار پەیامێکی کورت ڕادەگەینێت

پەیامی کورد     ...     مەلا بەختیار پەیامێکی کورت ڕادەگەینێت

 مەلا بەختیار، پێشتر لە ووتارێکدا، کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردبۆوە، رایگەیاندبوو کە لەسەر دەستی هەڤاڵان ژەهرخوارد کراوم.

مەلا بەختیار ژەهرخواردکردنی بە “نامەردترین پیلان” ناودەبات و دەڵێت، “سزای رەوا چاوەڕێی تاوانبارەکانە”. ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی شەممە 13/11/2021 لە ئاڵمانیاوە دەگەڕێتەوە سلێمانی.

 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاو کردەوە لەسەر ژەهرخواردکردنەکەی و نووسیویەتی: “لە نامەردترین پیلانی ژەهرپێدان رزگارم بوو، تەنها سەرشۆڕی و سزای رەوا چاوەڕێی تاوانبارەکانە”، ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بێگومان واز لە مافی خۆم ناهێنم هەرگیز”.

مەلا بەختیار لە درێژەدا نووسیویەتی “ئەو تاوانەی بەرامبەری کراوە، تەنها لەبەر ئەوەیە کە هیچ تاوانێکم نەبووە و نییە، لەبەر ئەوەیە گەندەڵ نیم، لەبەر ئەوەیە تەکەتول نیم، لەبەر ئەوەیە نابم بە کۆیلەی پلە و پایە و پارە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوەش کردووە کە “ئەگەر بێ هەڵوێست بوومایە، ئێستا منیش خاوەن کۆمپانیا و هەزاران دۆنم ئەرزی حەرام دەبووم”.

 دوای وەرگرتنی چارەسەری ژەهرخواردنەکە، بڕیارە رۆژی شەممە 13/11/2021 مەلا بەختیار لە ئەڵمانیاوە بگەڕێتەوە سلێمانی و بە ووتەی خۆی “لە مەراسیمێکی جەماوەریدا پێشوازی لێدەکرێت”.

 رێکەوتی 1/11/2021، مەلا بەختیار، لە ووتارێکدا، کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە باسی لە هەوڵەکانی کوشتن و ژەهرخواردکردنی کردبوو، هەروەها تیشکی خستبووە سەر گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکەی دوای کۆنگرەی چوارەم.

 ووتارەکە لەژێر ناونیشانی “بەراوردێک لەنێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم 25/10/2005” بڵاوکراوەتەوە کە وەکوو خۆی باسی لێوە دەکات، لە ساڵی 2005 “ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم” جێبەجێ کراوە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە نەیتوانیوە بەراوردێک لە نێوان ئەو رووداوە و وەک خۆی نووسیبووی “ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی (هەڤاڵان!!!) بکەم”.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە