مەلا بەختیار پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...    مەلا بەختیار پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە 

مەلا بەختیار پێیوایە،" گەندەڵی تا بینەقاقای عێراق رۆیشتوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ووڵاتە غەدر لە هەرێمی کوردستان دەکات"، هەروەها دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەون ئەوە زیانێکی کاتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام زیانە مێژووییەکەی بۆ عێراقە."

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانیدا کە لە پێشانگەی ھاوبەشی ھونەرمەندانی سلێمانی، کەلار، خانەقین، کفری، دیالە و جەلەولا، لەگەلەری دڵخواز لە سلێمانی پێشکەشیکرد، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق وتی "ھەرێمی کوردستان ھەڵەی زۆرە، گەورەترین ھەڵە لەلای من ئەوەیە کە لە (٣١) ساڵی رابردوو نەمانتوانی ژێرخانێکی وەھا درووستبکەین، کە داھات و بەرھەمی زیاتر بێ لە خەرجییەکانی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بەغداد غەدر لەھەرێمی کوردستان ناکات."
 
مەلا بەختیار باسی دۆخی دارایی و "گەندەڵییەکانی" عێراقی کرد و ووتی: "ووڵاتێک وەزیری داراییەکەی خۆی دەڵێت: ٢٨٥ ملیار دۆلار لەدوای رووخانی سەددام بەتاڵانی بردراوە! ووڵاتێک ئێستاش بەندەرەکانی لە بەسرە بەدەست حیزبەکانەوەیە. سەرچاوە نەوتییەکانی بەدەست حیزبەکانەوەیە لە بەسرە، گەندەڵی تا بینەقاقای رۆیشتوە، ١٨٦ـەمین ووڵاتی گەندەڵی دونیایە! بۆ تۆڵە لە ھەرێم دەکاتەوە؟! با بێین کێشە داراییەکان چارەسەر بکەین، ھەر ھەڵەیەک ھەرێم کردوویەتی، لەئاستی خۆی، با عیراق بێ لێی بپێچێتەوە، وەک سەرچاوەی ئابووری دەڵێم. باخۆشیان لەخۆیان بپێچنەوە". 

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێیوایە "عێراق، بە دواخستنی رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئۆباڵێکی مێژویی خراپ ھەڵدەگرێت. ئەمەش رەنگێکی دەستووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی گەورە دەداتەوە لە حۆکمڕانی عێراق لەئەنجامدا. ھیوادارم بەغدا تێبگات، رێکنەکەوتن زەرەری کاتی لەھەرێم دەدات، بەڵام زەرەرێکی مێژویی لەعێراق دەدات". 
تەوەرێکی دیکەی قسەکانی مەلا بەختیار لەسەر فیلمە ئێرانییەکە بو کە دەڵێت پێی باش نەبووە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی داوە فیلمێکی وا بڵاوبێتەوە.

مەلا بەختیار لەوبارەیەوە ووتیشی، کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی دەزانێت، سەنگەری پێشەوەی تێکشکانی داعش پێشمەرگە بوە، من بەووردی ئاگادارم کە ئێران لەحەمرین بەرەو سەرەوە، نە پێش درووستبوونی حەشدی شەعبی، نە دوای درووستبوونی حەشدی شەعبی، نەیانتوانیوە فیشەکێک بەبێ پێشمەرگە بتەقێنن.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە