مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە
پەیامی کورد ... مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و بردنی دوو کورسی پارتییە.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتیمان کۆببێتەوە، کۆبوونەوەکەش لەبارەی رەوشی گشتی و قۆناغی ئێستایە، چوونکە ھەموو رۆژانی پێنجشەممە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیمان بەڕێوە دەچێت و هەفتانە لەبارەی تەوەری جیاواز کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت".
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، بابەتی ئەنجامی ھەڵبژاردن و بردنی دوو کورسی پارتییە لە سنووری ھەولێر و نەینەوا، مەکتەبی سیاسی ئەمڕۆ رێوشوێنی تۆمارکردنی سکاڵا دەگرێتە بەر".
بڵند ئیسماعیل دەشڵێت: "ئەو دوو کورسییە پارتی بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و پێویستە بگەڕێندرێنەوە، چوونکە پێشتر برادەرانی یەکێتی لە ھەولێر سکاڵایان ھەبوو لەسەر ئەو بازنەیە و دوای ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، ئەنجامەکان ھاوشێوەی ئەلیکترۆنی دەرچوون".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە