مەک گۆرک لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ، پەیامی ووڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

پەیامی کورد     ...   مەک گۆرک لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ، پەیامی ووڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

لە میانەی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، برێت مەك گورک ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە كۆشكی سپی، دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا لە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاری داعش، دەتوانن پشتی پێ ببەستن، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی پێشكەش بە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد كە ئەم دوایییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەهید بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/12/13 لە هەولێر بەڕێوە چوو، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانی مەك گورکی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان بە گرینگ لە قەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە لە سەروبەندی گۆڕانکاری ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عیراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامی پابەندی ئەمریكا بە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرینگە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و كونسوولی گشتییان لە هەولێر ئامادەی بوون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابووری ووڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژی عیراق ـ ئەمریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كران.

هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی، هێشتا عیراق پێویستی بە بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگی هێز و لایەنە عیراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكوومەتێكی كۆكەرەوە لە ووڵات پێك بهێنن كە ووڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیانی عیراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت.

دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە