نامەیەکی دڵتەزێنی بەندکراوێکی بێ تاوان لە ئێران : لە بەندیخانە ئاو نییە، بەڵام مادەی هۆشبەر وەکوو خۆڵ زۆر و زەوەندە
پەیامی کورد ... نامەیەکی دڵتەزێنی بەندکراوێکی بێ تاوان لە ئێران : لە بەندیخانە ئاو نییە، بەڵام مادەی هۆشبەر وەکوو خۆڵ زۆر و زەوەندە
▪️حسێن هاشمی، لە بەندکراوانی خەزەڵوەری ۹۸ که لە گرتووخانەی گەورەی تاران دەستبەسەرە، لە نامەیەکدا نووسیویەتی شیشه و تەریاک به ئاسانی لە بەندیخانەکاندا لەبەردەستدایە بەڵام ئاوی خواردنەوە یا توالێت و حەمام نییە.
«ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ هەزار تمەن پارەی ئاو دەدەین ؛ ئەمە بچوکترین کێشەی ئێمە زیندانیانی خەزەڵوەری ۹۸ـە. بەڵێ ئەو گەنجانە کە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی لیترێک ۳ هزار تمەن خۆپیشاندانیان کرد ئێستا دەبێت ئاوی خواردنەوەیان بە لیترێک پێنج هەزار تمەن بکڕن.»
▪️ ئەو لە درێژەدا نووسیویەتی، ئاوی زیندانی تاران بۆ خواردنەوە نابێت، بۆنی لێدێت و ڤیرووسی سیلیسی هەیە : «ناتوانن بۆ حەمام کردن و ددان شوردن بەکاریان بێنن. پاش ماوەیەک ددانتان دەڕزێت و پێستی لەشتان بریندار دەبێت... حەمامیش بە نۆرەیە.»
▪️حسێن هاشمی باس لە هەندێک حەبی ئارامکەرەوە دەکات کە بە زیندانییەکان بۆ ئارام کردنەوەیان دەدرێت؛ حەبگەلێک کە بۆ باشتر نووستنە و تووشی کێشەی دیکەت دەکات: «پاش ئەوە بە حەبەکان ئاڵوودەت دەکەن جستەت داوای زیاتر دەکات و چیتر بە کڵۆنازپام، ئالپرازۆلام، لارگاردین، مێتادۆن ناسرەوێت و پێویستان بە حەبی زۆرترە.»
▪️لە درێژەدا نووسیویەتی: «برینە ڕۆحییەکان بە کڵۆنازپام چارەسەر نابێت، تاکە ڕێگەیەکیان هەیە، بەکارهێنانی شیشه، داو و دەرمان و تریاک. جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان وەک خۆڵ زۆرە و لەبەردەستە، بەڵام پەرداخێک ئاوی خواردنەوە و ئاودەست و دەزگای گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە و شوێنێکی بێدەنگ بۆ خوێندنەوەی کتێبێک، لقێک گۆڵ و گیا و یا نەمامێک بوونی نییە. جگە لە چیمەنتۆ و دیواری زبر و
دڕ و بەرز هیچ نابیندرێت....»
◾️فەشافوویه
▪️پێکەوەژیان لەگەڵ مشک و قالۆنچە
▫️حسێن هاشمی نووسیویەتی، بەندکراوانی خەزەڵوەری ٩٨ لە خراپترین دۆخدا ڕاگیراون.
▫️لە شوێنێکی پیس، پڕاوپڕ لە قالۆنچە و مشک و لە مەترسی نەخۆشی جەستەیی و ڕۆحی.
▪️ئەو باس لە دادگاییکردنی چەند خولەکی، خێرا و
بێ پارێزەر دەکات و نموونەی دادگاییکردنی خۆی دێنێت کە تەنیا خۆلەکێک و ۳۰ چرکەی خایاند و لەوماوەیەدا حوکمی شەش ساڵ بەندکردن و ٧٤ قامچیان بۆ دەرکرد.
هاشمی دەنووسێت، هەر لەسەرەتاوە پێیان ووتین لە بەندیخانە چاکتان دەکەینەوە: «ئێستا دەزانم مەبەستیان لە چاککردنەوە چ بووە. هەر شەو ئێمە لە زیندانی گەورەی تاران دەمانکۆتن و قەرار وایە کاتێک لەم دۆزەخە ڕزگارمان بێت تووشی هەزاران نەخۆشی جەستەیی و ڕۆحی ببین.
▪️ماڵپەڕی هرانا دەقی نامەکەی بڵاو کردۆتەوە.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە