نامەیەکی دڵتەزێن لە شەهید ڕامین حسێن پەناهی یەوە بە ناوی " بۆ ئەو كەسانەی وا خۆشم دەوێن

پەیامی کورد     ...    نامەیەکی دڵتەزێن لە شەهید ڕامین حسێن پەناهی یەوە بە ناوی " بۆ ئەو كەسانەی وا خۆشم دەوێن،

"ڕامین حسێن پەناهی"

نازانم لە كوێوە دەست پێ بكەم، لە كوژرانی ئەشرەف یا لە حوكمی لە سێدارەدانی برا گەورەكەمان ئەنوەر حسێن پەناهی.

لە فرمێسكەكانی دایكم یان لە تێكشكانی هەرڕۆژەیی باوكم. لە خوشكە جەرگسووتاوەكانم یا لە ترس و دڵەڕاوكێیەك كە چركە و خوولەك بەری نەداوین.
دەستی قەزا منی هێناوەتە شوێنێك و بارودۆخێك كە پێشتر برا گەورەكەم ئەنوەر حوسەین پەناهی تێدا بوو. ڕەنگە لەمەودا قسەكانم ساناتر بۆ بێن، چونكە لەگەڵ برا گەورەكەم ئەفشین لە یەك بەندیخانەین.

يەفشین بە هەشت ساڵ و نیو حوكم دراوە و چاوەڕێی كۆتاییهاتنی وادەی حوكمەكەی و گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە و منیش بە ئێعدام حوكم دراوم و كەسیش ناتوانێت سەردانم بكات و نازانم داهاتوو چی لێدێت.
زیاتر لە هەر شتێك بیر لە دایكم و جەرگسووتان و خەمەكانی دەكەمەوە، بیر لەوە دەكەمەوە كە تا ئێستا چۆن ئەم ڕۆژانەی تەحەمول كردووە. جاران بیرم لەوە دەكردەوە كە ئەم هەموو ڕەنج و دڵەڕاوكێیەی لە كوێوە دێت و هۆكاری ڕاستەقینەی چەوسانەوەی ماڵباتەكەم چییە؟ ئەمڕو بە باشی وڵامەكەیم دەست كەوتووە: ئێمە بەردەوام پێمان خۆش بووە لەگەڵ ئەو كەسانەی وا دەیانناسین، لەگەڵ دراوسێكان، لەگەڵ خەڵكانی كومەڵگا و ئەو كەسانەی كە بە هەر شیوازێك پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، دۆستانە هەڵسوكەوت بكەین و لە خوشی و ناخوشیدا لەگەڵ یەك بین.
ئەمڕو بە باشی تێگەیشتووم كە ئەم وانەیەم لە دایكمەوە فێر بووم كە بۆ دەبێت كرێكاران بەم شیوازە ژیان بە سەر بەرن؟ بۆ دەبێت منداڵان كار بكەن؟ بۆ دەبێت ژنان و دایكانمان ئەم هەموو ڕەنج و نابەرابەرییە قبوڵ بكەن؟ بۆ دەبێت ئەو شوێنە وا لێیدەژین، پیس بكەین؟ و بۆ نابێت هەموومانن ئازاد بین و لەگەڵ یەك بە ئازادی بژین؟ كەم نین ئەو كەسانەی ئەم پرسیارانەیان بە دەنگی بڵیند خوێندووتەوە و بە تاوانی "دژی شوڕش (ی ئێران)، دژایەتی لەگەڵ خودا، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستی و تۆڕە سیخوڕییەكان یان بە ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەكان (ی كوماری ئیسلامی)" تۆمەتبار كراون. منیش یەك لەو كەسانە بووم كە لە ڕێگەی پشتیوانی چالاكی مەدەنی ـ سیاسی، مافی مرۆڤ، ژینگەیی و پشتیوانی لە مافی منداڵان و ژنان و كرێكاران بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانە بووم.
يەمڕۆ زۆرتر لە جاران بە دۆستایەتی و خوشەویستی و عەشق بۆ خەڵكی خۆشحاڵم، لەوەی كە لەگەڵیانم هەست بە شكۆ دەكەم. كاتێك بیر لە چركەساتەكانی ئەو هەشت ساڵ و نیوە دەكەمەوە كە ئەفشین لە بەندیخانە بە سەری دەبات دڵم پر دەبیت، ئەگەرچی چاوەڕێكردنی ئێعدام " لە سێدارەدان " خۆی زۆر ئەستەمە، بەڵام بەها و شكۆمەندی ژیان لەگەڵ ئەو خەڵكەی خوشم ویستوون و ئەو سرووشتە و كرێكارانەی لەگەڵیان ژیاوم لە ئازارەكانم كەم دەكاتەوە و شانازی دەبەخشێتە من و ئەفشین و ماڵباتەكەم.
ڕامین حسێن پەناهی بەندیخانەی ناوەندی سنە سێ شەممە، ١٤ خاكەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە