ناوهڕۆكی كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
پەیامی کورد ... ناوهڕۆكی كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
له كۆبوونهوهی ههفتانهی خۆیدا، ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی و جەختیش لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یۆنان و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی و دیداریان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان خستەڕوو. ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی یۆنان، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاكاندا، بەتایبەت لە گەشتوگوزار و وەبەرھێنان، ووتیشی: بڕیارە شاندێكی باڵای یۆنان، سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، باسی لە سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کرد.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و ڕاسپاردنیان بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی کردەوە لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکی لێکردنیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق. لەو ڕوانگەیەشەوە، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندی گشتی هەمووان لەخۆ بگرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان تا ئێستا بەردەوامن و ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نەدراوە. لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و حکومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپات دەکاتەوە تا گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور، کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لە ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە باشتر ڕاییکردنی کارەکانی حکوومەت و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت و نەهێشتنی ڕووتین و لێکۆڵینەوە لە داواکاری وپێداویستی وەزارەتەکان لە پێناوی چارەسەرکردنیان بە ئامانجی برەودان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بە شێوەیەکی باشتر بە هاووڵاتییان وبە دەنگەوەچوونی داخوازیی و داواکانیان.
لە بڕگەی سێیەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرد لە بەرڕۆشانی یاسای ژمارە ١٤ ساڵی ٢٠٢١ کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆمارکردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانکردنی لایەنی پەیوەندیدار کە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی حکوومەتی هەرێمە، ئەویش بە ئاراستەی ئاسانکاری بۆ بازرگان وخاوەنکاران وسوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای زانیاری و پێدانی ژمارەی بێ هاوتا بە بازرگانەکان بە ئاڕاستەی ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەکان وکەمکردنەوەی ڕووتین و برەودان بە چالاکی بازرگانی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی (پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان) کە لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، وەک لە هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاساکە هاتووە، مەبەست لەم یاسا نوێیە ئەوەیە، وەزارەت بتوانێت ووڵامدەرەوەی پێشکەوتن و فراوانبوونی شار وشارۆچکەکانی هەرێم بێت و لە ئاستی داخوازی وپێداویستیەکانی هاووڵاتیان بێت، لە پڕۆژە یاساکەدا، پێکهاتەی نوێی وەزارەت، لە فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتی و دامەزراوەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان بەجۆرێک ڕێکخراوەتەوە ، کە لە ئاست ئامانج و چالاکییەکانی وەزارەت بن ، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دە ساڵی جێبەجێکردنی یاسای ئێستا ، بڕیاردرا پڕۆژەکە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەسەند کرد، سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی باج و گومرگی لە سەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە