ناوی دیارترین وەزیرەکانی حکوومەتی تاڵیبان ڕاگەێندرا
ئاژانسی رایا نوڤوستی رووسی ناوی بەشێک لەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە چاوەڕێ دەکرێت لەحکوومەتی تاڵیباندا وەک وەزیر دەستنیشان بکرێن، لەوانەش عەبدۆلغەنی بەرادەر وەک وەزیری دەرەوە و مەلا یەعقووبی کوڕی دامەزرێنەری بزووتنەوەکە وەک وەزیری بەرگری.
ئاژانسەکە لەسەرچاوەیەکی بەرپرسی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە، لەحکوومەتی نوێی ئەفغانستان دا کە لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لەلایەن تاڵیبانەوە پێکدەهێنرێت، عەبدولغەنی بەرادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان وەک وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و مەلا یەعقووبی کوڕی دامەزرێنەری تاڵیبان وەک وەزیری بەرگری دیاریدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، خەلیفە حەقانی کوڕی جەلالەدین حەقانی یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی تاڵیبان دەبێتە وەزیری ناوخۆ.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردوە، لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەفغانستان تەواو دەکرێن و پێکهاتەکەی رادەگەێندرێت.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی دیکەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە وادەی راگەیاندنی حکوومەتی ئەفغانستانی بڵاوکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، رۆژی ٣ی ئەیلول حکوومەتی نوێ رادەگەیەنێت.
لەئێوارەی ١٥ی ئابەوە هەموو خاکی ئەفغانستان بەشێوەیەکی کرداری کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆی ئەفغانستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، سەرکردەکانی بزووتنەوەکەش دەڵێن هەمو باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرکردەکانی پێشوی وڵات دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە