ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد      ...  ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران داوای لە هەموو لایەنێک کرد سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.

دەقی ڕاگەێندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەێندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

بە گوێرەی ئاگادارییەک کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی کارنامەی ڕەشی پڕ لە تاوان و پەلاماردان و کاولکاریی خۆیدا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەکرێنە ئامانج و لێیان دەدرێت.

لە کەس شاراوە نییە کە ئەو شوێنانەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لێدانیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنی و لەوانە سەدان ژن و منداڵی پەنابەرە کە بەهۆی سیاسەتی مرۆڤکوژانە و سەرکوتکارانەی ئەو ڕێژیمە ئازادیکوژە خاک و وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە.

لە لایەکی دیکەشەوە بوونی خەباتکارانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکی پووچە بۆ کاولکاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی ماف و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد هیچ پێویستی بەوە نییە دژایەتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە بیانوو، چوونکە هەموان دەزانن کێشەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ سەقامگیری و تەناهی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانە و لەو بوارانەشدا کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نەبووە، ئەو دوژمنکارییەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت گەلی کوردەوە هەر بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت.

دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕێژیمە بە خولقاندنی کارەسات و کوشتن و تێرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوە.

ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپیری هەڵبژاردنێکی گشتی دەچن و هەموو هەوڵی بەرپرسانی سیاسی و لایەنە حیزبی و حکوومییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی هەڵبژاردن لە عێراقدایە و ئەم هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران دەکرێ بە هەوڵێکی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و شڵەقاندنی کەشی سیاسی بە مەبەستی ئاسانکردنی دەستێوەردانەکانی خۆی لێک بدرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەربۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نائاساییدا کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵک و هەر جۆرە تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی و زیانگەیاندنێک بە ژینگەی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ و داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

٦ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە