ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

پەیامی کورد   ...   ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

ئێوارەی یەکشەممە ٢٠٢٥/١/١٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوای گەیشتنی بە بەغدا، بەشداری لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد کە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و د. مەحموود مەشھەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو.

نێچیرڤان بارزانی، وێڕای جەختکردنەوە لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی سوودانی کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ لێکگەیشتنی ھەولێر-بەغدا و ھیوای خواست ھەموو پرسەکان بە گفتوگۆ، چارەسەر بکرێن‌. ھەر لەمبارەیەوە بڕیارە ھەردوولا سبەی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕوانگە و کار و ڕۆڵی سەرۆکوەزیران سوودانی، بۆ برەودان بە پێگەی عێراق و پتەوکردنی‌ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ووڵاتاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش، بەرز نرخاند.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پشتگیری ھەموو لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت لە ھەموو بوارەکاندا کرایەوە، ھەروەھا پشتگیری لە چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانی حکوومەت کرا‌، جەختیش کرایەوە کە ھیچ ھەڵوێستێکی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستاندا نییە، جگە لە پرسە تەکنیکییەکان، ئەوەش دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

ھاوپەیمانییەکە داوای کرد عێراق بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بکات کە بەرژەوەندی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەکان بەدووری بگرێت، ھەروەھا باس لە دۆخی سووریا کرا و ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیری لە گەلی سووریا دووپات کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەردانە فەرمییەکانی سوودانی بۆ کۆمەڵێک ووڵاتی دۆست و چەند پرسێکی دیکە، تاوتوێ کران.


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە