ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگه‌ێندرا

پەیامی کورد  ...  ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگه‌ێندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/13، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوwمەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەكه‌، گفتوگۆ لەبارەی ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە باڵاخانەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 2023/12/8 کرا کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە و هەروەها ڕێکارەکانی بەهاناوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتەکە تاوتوێ کران.

سەرۆکوەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێراشی بۆ برینداران خواست. سەرۆکوەزیران، دامەزراوەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان بکرێت بە تایبەتی کە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی سەلامەتی لەو شوێنانە.

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، ڕاسپاردە و چارەسەرەکانی تایبەت بە پرسی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووندوتیژی دژی ژنان پەسەند کرد، کە لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەن خرابووە ڕوو.

دواتر کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم کە ڕۆژی 11/30 ڕوویدا و هەوڵ و پرۆژەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەکەی خستەڕوو.

وەزیری کارەبا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی به‌وه‌ دا کە ئێستا 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و كاتژمێره‌كانی هەبوونی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان 8 بۆ 10 كاتژمێره‌.

وەزیری کارەبا هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەکەکانی کۆمباین سایکڵی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژانەوەی گشتی کە بابەتەکە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بووە و ئەم جۆرە کێشە تەکنیکییانە لە زۆر شوێنی دونیا ڕوو دەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانی خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵکوو ڕوونیکردەوە کە بەرهەمی کارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

دواتر چەند پێشنیار و داواکارییەک لە کۆبوونەوە خرانە ڕوو بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبای نیشتیمانی و بەرگرتن لە ڕوودانی کوژانەوەی گشتی یەکەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەم هاتوو، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکان و تەرخانکردنی بوودجەی پێویست، وەزارەتی کارەباش ڕاسپێردرا کە بەردەوام بن لە هەوڵ و پرۆژەکانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی هاووڵاتیان دروست نەکرێت و هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاک بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر.

سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکوو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو دابەش دەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاووڵاتییان دروست بکات و ئامانج لێی کۆکردنەوەی داهاتە بە شێوازێکی هاوچەرخانە تاکوو داهاتەکە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەکانی زیادکردنی وزەی کارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەکە و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەکی ئابووریانەتر کە كاتژمێر زیاتر کارەبا دابین بکات. هەروەها داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی ڕسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکوومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.

دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی له‌بارەی ئەنجامی سەردانەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بۆ بەغدا خستەڕوو کە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاریی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سەبارەت بە کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گومرگ بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەرەپێدانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق و هەرێم بە ئاراستەی زیادکردنی داهاتی گشتی و خەرجکردنەوەی لە پڕۆژەکانی خزمەتی گشتیدا.

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆتاییدا، بڕیاریدا ڕۆژی 2023/12/18 بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانیش پشووی فەرمی بێت.

هەروەها بە بۆنەی نزیکبوونەوەی بۆنەکانی جەژنی لەدایکبوون ( کریسمس) و سەری ساڵی نوێی زایینی، وێڕای پیرۆزبایی ئەنجوومەنی وەزیران بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لەسەربێت)، ڕۆژانی پشووی ڕاگەیاند کە ڕۆژانی 12/25 تا 2024/1/1 پشووی فەرمی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی دامەزراوە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکان.


ئەم بابەتە 12000 جار خوێندراوەتەوە