ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و وادەی ئامادەکردنی پڕۆژە‌ بوودجە‌ ڕاگەێندرا

پەیامی کورد      ...    ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و وادەی ئامادەکردنی پڕۆژە‌ بوودجە‌ ڕاگەێندرا .

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوەوە و لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی کرد و بڕیاریشدا لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا پڕۆژە‌ یاسای بوودجە‌ی ھە‌رێم  بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئامادە‌ بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەراگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرد دەستخۆشی لە تیمی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی، مافێکی دەستووری و ڕەوای هەرێمی کوردستانە، جەختیشی لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە بڕگەکانی یاسای بوودجە و داواشی لە حکوومەتی فیدراڵی کرد کە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. 

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان. 

پاشان لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێم لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غدا خستە‌ڕوو، وێڕای ستایشكردنی ئە‌ندامانی شاندە‌كە‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ پێویستە‌ ھە‌ردوو حكوومە‌تی فیدراڵ و ھە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بوودجە‌ی ٢٠٢١. ووتیشی لە‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكوومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌ دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان.

لە بڕگەی دووهەمی کۆبوونەوەکە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یەکەمی یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ خستەڕوو، جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌ داھاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.

لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تە‌ندرووستی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی بڵاوبوونە‌وە‌ی زیاتری ڤیرووسی كۆرۆنا كرا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە ‌ھاووڵاتییان دەکات پابە‌ندی رێنماییە‌كان بن لە پێناو كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕێژەی تووشبوون بە‌و ڤیرووسە‌، بە‌تایبە‌تیش چوونکە ئێستا ژمارە‌ی تووشبووان لە‌ ھە‌ڵكشاندایە‌.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە