ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

پەیامی کورد   ...  ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

چوارشەممە 10/11 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان کرد بە بۆنەی گرێدانی کۆنگرەی پێنجەمینی یەکیتی، بە ئومێدی ئەوەی ئەم کۆنگرەیە، ببێتە مایەی برەودان بە دەرفەتی کاری هاوبەش و پێکەوەیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکهەڵوێستی لەپێناو دابینکردن و پاراستنی ماف و دەسەڵات و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا، لەپێش هەمووشیانەوە مووچە و بوودجەی هەرێم.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێش چوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایە ڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەست بەکار بوون. ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەری شاندی باڵای حکوومەتی هەرێم بوو بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دام ودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاری پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکی و کێشە سیاسییەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاری بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیسته‌مێکی ئەلیکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستییەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵەکانی لەم بارەیەوە و بە ئەرکی لەپێشینەی دەستووری و یاسایی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کە پابەندی دەستووری خۆی جێبەجێ بکات، بە تایبەتیش کە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانکاتدا لە ناو خشتەکانی بوودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەکانی هەرێم ڕابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم وەربگرن.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بابەتی ڕێکار و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و تورکیا و ئامادەکارییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا خرایەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرا هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بوودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندی خۆی بە ڕادەستکردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بکات. ئەمەش نیازپاکی هەرێم پیشان دەدات.
لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لەبارەی خەرجییەکان بە گرینگ زانی تاوەکوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهان سەرکەوتوو بێت. کە لە 3/25ی ئەمساڵەوە نەوت ڕاگیراوە و زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتی عێراق و هەرێم گەیاندووە.

دواتر وەزیری کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعرووف، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕەوشی گشتی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی بە ئاراستەی پەرەپێدان و پتەوکردنی زیاتری دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە ڕەواکانیان لەخۆ گرتبوو.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە یەکێک لە سیما گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە کە شانازی پێوە دەکەین و هەرچی پێویست بێت لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی ئەو بەیەکەوەژیانە دەیکەین بۆ ئەوەی کوردستان وەک هەمیشە مەڵبەند و لانکەی ئارامی نەتەوە و ئایین و ئایین زا و کولتوورە جیاوازەکان بێت و هەموومان لە کوردستان کە نیشتمانی هەموومانە، بە ئاشتی و خۆشەویستی بژین.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە