نرخی زێڕ بە هۆی بڕیارێکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا وە بەرز دەبێتەوە
پەیامی کورد ... نرخی زێڕ بە هۆی بڕیارێکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا وە بەرز دەبێتەوە
دوای ئەوەی 15ی ئەم مانگە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ زیادکرد، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی بەڕێژەیەکی سنووردار بەرزبوەوە و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە 1840 دۆلار، بەمەش نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بۆ 388 هەزار دینار بەرزبوەوە.
بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 388 هەزار دینارە و یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 333 هەزار دینارە، هەروەها نرخی یەک لیرە بە 405 دۆلارە.
بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا رۆژی چوارشەممەی رابردوو نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ زیادکرد، ئەوەش بەرزترین ئاستی زیادکردنی نرخی سوودە لە دوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1994، مەبەستیش لە بڕیارەکە سنووردارکردنی رێژەی هەڵئاوسانە.
لە ماوەی رابردوودا پێشبینی دەکرا بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ زیادبکات، بەڵام ئابووریناسان دەڵێن بەرزبوونەوەی خێرای رێژەی هەڵئاوسان بانکی فیدڕاڵی ناچارکرد رای خۆی بگۆڕێت، بەو واتایەی دەبێت کاردانەوەی بەهێزی هەبێت بۆ سەلماندنی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوساندا.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە