نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ هەینی ٦ی ١٠ی ٢٠٢٠ نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین و هۆكاری سەرەكیش شەپۆلی دوەمی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنایە لە سەرتاسەری جیهان کە ئاسۆیەکی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری نەهێشتێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بۆ سێهەمین ڕۆژی لەسەریەك دابەزینی بەخۆوە بینی، بەگوێرەی بازاڕەکانی جیهان، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لەسەدا ٢.١٣ بەهاکەی لەدەستداوە و بە ٤٠.٠٦ دۆلار كۆتا مامەڵەی پێوەكراوە.
نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس لە ئەمریكا بە رێژەی لەسەدا ٢.٢٤ دابەزیوە و بە ٣٧.٩٢ دۆلار فرۆشراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت نزمترین ئاستی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا تۆمارکرد، نەوتی خاوی ئەمریكاش بەهەمان شێوە دوێنێ نزمترین ئاستی تۆماركرد بەبەراورد بە نرخەكانی لە مانگی حوەزەیرانی ئەمساڵ.
بەگوێرەی شیکەرەوە ئابوورییەکان و پسپۆڕانی نەوت، هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنایە کە ئاسۆیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لەجیهاندا نەهێشتۆتەوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە