نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

پەیامی کورد  ...   بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ ٠٣ی ١١ی ٢٠٢٠ دوای ئەوەی لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە و نرخەکەی گەیشتە نزیکەی ٤٩ دۆلار، سەرلەئێوارەی دوێنێ شەممە پێش داخستنی بازاڕ جارێکی دیکە نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوەبینی و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنێت بە ٤٨.١٨ دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٤٥.٥٣ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، نەوتی برێنێت رێژەی ٠.٨٠% بەهاکەی دابەزی و بە ٤٨.١٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکا رێژەی ٠.٣٩%ـی بەهاکەی دابەزی و بە ٤٥.٥٣  دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە. 

چاوەڕواندەکرا، راگەیاندنی سەرکەوتنی قۆناغی سێیەمی واکسەنەکەی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی کە بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ کاریگەری لەسەر ڤیرووسەکە هەیە نرخی نەوت بەئاستێکی زۆر بەرزترببێتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکە لەئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو، تائێستا ئاسۆیەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نیە.
مانگی ئازاری ئەمساڵ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمترین ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ەوە تۆمارکرد، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی شیکەرەوە ئابوورییەکان و پسپۆڕانی نەوت، هۆکاری سەرەکی ناجێگری نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا کە ئاسۆیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لەجیهاندا نەهێشتوەتەوە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە