نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٠١ی ١٢ی ٢٠٢٠ سەرەڕای بەڵێنی ئۆپێک پڵەس بۆ بەردەوامیدان بەکەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ سێشەممە بەبەراورد بەدواین مامەڵەی دوێنێ، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان دابەزی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنێت بە ٤٧.٥٩ دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٤٥.٠٦ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە نەوتی برێنێت رێژەی ١.٢٢% بەهاکەی لەدەستداوە و بە ٤٦.٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت مامەڵەی پێوەکراوە، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکاش بەڕێژەی لەسەدا ٠.٦٢ نرخەکەی دابەزی و بە ٤٥.٠٦ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
بەهۆی زۆربونی ژمارەی تووشبوون و مردن بەکۆرۆنا لەماوەی رابردوودا، سەرەڕای کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رێکخراوی ووڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، نرخی نەوت بەکەمی ماوەتەوە و تائێستا ئاسۆیەک بۆ بەرزبوونەوەی نیە.
مانگی ئازاری ئەمساڵ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمترین ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ەوە تۆمارکرد، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.
بەگوێرەی شیکەرەوە ئابوورییەکان و پسپۆڕانی نەوت، هۆکاری سەرەکی ناجێگری نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا کە ئاسۆیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لەجیهاندا نەهێشتوەتەوە.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە