نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
پەیامی کورد ... نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی فێبریوەری ٢٠٢٢، نرخی نەوت لەجیهاندا ١.١٥%ـی بەهاکەی لەدەستدا و نرخی نەوتی برێنت بە ٩٧.٩٣ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوی بەهای ووزەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٠٥ دۆلار.
ئەمڕۆ بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ١.١٥%ـی بەهاکەی لەدەستدا و ئێستا بە ٩٧.٩٣ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ههروهها نهوتی خاوی تەكساس یش ١.٢٢%ـی بەهاکەی لەدەستدا و بە ٩١.٥٩ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری دابەزینی بەهای نەوت بۆ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین دەگەڕێتەوە، چوونکە لەچەند کاتژمێری رابردوو هێرشی سەربازی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین پێشڕەوی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لە بنکەیەکی سەربازی سوپای ئۆکراین لەنزیک شاری کیێڤی پایتەخت چڕبوەتەوە.
هۆکارێکی دیکە دابەزینی بەهای نەوت پەیوەندی هەیە بە ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەی تاران، بەجۆرێک ئەگەر هەردوولا بگەنە رێککەوتن، سزای سەر کەرتی نەوتی ئێران هەڵدەگیرێت.
هاوکات پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی (IIF) لە دوایین راپۆرتیدا باسی لەوەکردوە، سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لەچەند مانگی داهاتوودا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ساڵی ٢٠٢٢ بەتێکڕا بەهای نەوت لە ٦٦ دۆلاردا جێگیرببێت، بۆیە داوا دەکات گەشەی ئابووری ووڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت لەم ساڵدا بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان سوودی لێوەربگیرێت.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە