نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
پەیامی کورد ... نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە سەر له بهیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٢، نرخی نەوت لەجیهاندا بەرزبوەوە و نرخی نەوتی برێنت بە ١١٤.٣٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بەهای ووزەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٩٣ دۆلار بوو.
ئەمڕۆ بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ٥.٩٧% بەرزبوەوە و ئێستا بە ١١٤.٣٧ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ههروهها نهوتی خاوی تەكساسیش ٥.٦٦% بەرزبوەوە و بە ١١٠.٦٣ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری ناجێگری بەهای نەوت بۆ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراین دەگەڕێتەوە، چوونکە لەچەند کاتژمێری رابردوو هێرشی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین پێشڕەوی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لە چەند بنکەیەکی سەربازی سوپای ئۆکراین لەنزیک شاری کیێڤی پایتەخت چڕبوەتەوە.
هۆکارێکی دیکەی ناجێگری بەهای نەوت پەیوەندی هەیە بە ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی تاران، بەجۆرێک ئەگەر هەردوولا بگەنە رێککەوتن، سزای سەر کەرتی نەوتی ئێران هەڵدەگیرێت.
هاوکات پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی (IIF) لەدوایین راپۆرتیدا باسی لەوەکردوە، سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لەچەند مانگی داهاتوودا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ساڵی ٢٠٢٢ بەتێکڕا بەهای نەوت لە ٦٦ دۆلاردا جێگیرببێت، بۆیە داوا دەکات گەشەی ئابووری ووڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم ساڵدا بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان سوودی لێوەربگیرێت.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە