نووری مالكی : " ئەمریكا سنووری نێوان عێراق و سووریا دادەخات

پەیامی کورد   ...  نووری مالكی : " ئەمریكا سنووری نێوان عێراق و سووریا دادەخات

نووری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند " ئەمریكا سنووری نێوان عێراق و سووریا دادەخات، كە رێڕەوی سەرەكی گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی تاران و میلیشیا شیعەكانە بۆ سووریا"
نووری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكدا دەڵێت "ئەمریكا هەوڵی داخستنی سنووری نێوان عێراق و سووریا دەدات، چوونكە سنووری نێوان عێراق و سووریا, بە رێڕەوێكی ستراتیژی تاران و میلیشیا شیعییەكانی عێراق دادەندرێت, بۆ گواستنەوەی هێزو چەك و تەقەمەنی و كەرەستە سەربازییەكانیان بۆ سووریا".
دەشڵێت "بە داخستنی ئەو رێڕەوە لەلایەن سوپای ئەمریكاوە, پێشبینی دەكرێت پێگەو هەژموونی تاران و گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانەكانی لە سووریا لاوازبێت, كە ئامانجێكی سەرەكی واشینتۆن ە لەو هەنگاوە".
ئەوە لەكاتێكدایە هەواڵ و زانیاری لە بارەی جمووجۆڵەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق و سووریا سۆشیال میدیای ئەم دوو ووڵاتەی تەنیوە و هەواڵی جۆراوجۆر بڵاودەكرێنەوە.
بەپێی نوێترین زانیاری ئەمریكا لەرێگای باڵیۆزخانەكەیەوە لە عێراق داوای لە حەشدی شەعبی كردووە لە سنوورەكانی سووریا بكشێنەوە.
هەروەها سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناو سووریا و دیوی عێراقیشەوە بارەگاكانیان چۆڵكردووە و گەڕاونەتەوە نێو سوپا و پۆلیسی عێراق لە بەر مەترسی بۆردومان.
تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی فەڕمی ئەو زانیاری و هەواڵانەی پشتڕاستنەكردوونەتەوە.
هاوكات قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق ووتوویەتی ئەمریكا نیازی هەیە هەرێمێكی سوننی لە سنووری سووریا و عێراق درووست بكات.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە