نووری مالکی سوپاسی مۆقتەدا سەدر و عەسائێبی ئەهلی حەق دەکات

پەیامی کورد     ...    نووری مالکی سوپاسی مۆقتەدا سەدر و عەسائێبی ئەهلی حەق دەکات

نووری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، مەترسی شەڕی ناوخۆ هاتوەتە بەر دەرگاو داوا دەکات رێکاری خێرا بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی کوشتن لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بگیرێتەبەر. سوپاسی هەنگاوەكانی رەوتی سەدر و عەسائیبی ئەهلی هەق یش دەكات بۆ چارەسەرکردنی رووداوەکەی میسان.

نووری مالکی، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، مەترسی شەڕی ناوخۆیی هاتووەتە بەردەرگا و داوا دەکات هەمووان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، لەبارەی کوژرانی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی لەپارێزگای میسانیش لەرۆژی ٥ی ئەم مانگەدا، سوپاسی سەرکردایەتی رەوتی سەدر و عەسائیبی ئەهلی هەق دەکات بۆ زوو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە هەردوو لایەن دەکات کاربکەن بۆ دووبارە نەبوونی رووداوی هاوشێوە لە میسان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها داوا دەکات تۆمەتباران رووبەڕووی سزابکرێنەوە و رادەستی دادگا بکرێن.

شەممەی رابردوو ٠٥-٠٢-٢٠٢٢ دادوەر ئەحمەد ساعدی، پسپۆڕی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی میسان لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. سێ رۆژ پێش ئەو، حیسام عەلیاوی، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی رائید کوژرا. حیسام عەلیاوی برای ویسام عەلیاوی، سەرکردەی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بوو کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا لە میسان کوژرا. رۆژی چوارشەممە ٠٩-٠٢-٢٠٢٢ش ئەندامێکی رەوتی سەدر بەناوی کەڕاڕ ئەبوو رەغیف لە گەڕەکی مامۆستایان لەگەڵ هاوسەرەكەی تەقەیان لێکرا و کوژران.

خراپی دۆخی میسان وایکرد رۆژی چوارشەممە ٠٩-٠٢-٢٠٢٢ موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە یاوەری وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەکان سەردانی میسان بکات و ژمارەیەک بڕیار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی میسان دەربکات.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە