نووسراوی ره‌وانه‌كردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كرا

پەیامی کورد     ...   نووسراوی ره‌وانه‌كردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كرا

ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، نووسراوی خه‌رجكردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كرد.

ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كردوه‌ رایگه‌یاندوه‌، له‌سه‌ر راسپارده‌ی موسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری خه‌رجكردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی جێبه‌جێبكرێت.

به‌پێی نووسراوێكی ئه‌مینداریه‌تیه‌كه‌، له‌ یه‌كی (كانونی دوه‌م/1)ی ٢٠٢١ بۆ یه‌كی (حوزه‌یران/٦)ی ٢٠٢١ه‌وه‌، مانگانه‌ بڕی ٢٠٠ ملیار دینار وه‌ك پێشینه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت و دواتر پاكتاو ده‌كرێت.

شه‌وی رابردوش، موسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی عێراقیه‌ رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراق و ناكرێت فه‌رمانبه‌ره‌كانی بێ مووچه‌ بن و مووچه‌كانیان مانگانه‌ وه‌رنه‌گرن.
ووتیشی، "ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ینێرن بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێشینه‌یه‌كه‌ تا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ بدرێت، نه‌ك پشكی هه‌رێم له‌ یاسای بوودجه‌ی ٢٠٢١، به‌ڵكوو ناردنی پاره‌كه‌ تا ئه‌وكاته‌یه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان كار و ووردبینیه‌كانیان ته‌واو ده‌كه‌ن".
١٥ی ئه‌م مانگه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا  مانگانه‌ ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، بڕیاره‌كه‌ش تا ئه‌و كاته‌ كاری پێده‌كرێت كه‌ وورده‌كاری دارایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رێكده‌خرێت و دواتریش بڕی پاره‌كه‌ زیاد یان كه‌م ده‌كات.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە