نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
چەند ڕۆژێکە هەندێک سایت و پەیجی سۆشیال میدیا، بابەتی کەسێکی ئەمریکی بڵاودەکەنەوە کە ڕاپۆرتێکی بێ بنەمایە لە سەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان . ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی بۆ نییە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە بخەینەڕوو:
نووسەری ڕاپۆرتەکە بۆ هەڵبەستنی درۆیەکانی پشتی بە کۆنتراکتێک بەستووە، کە گوایە واژوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم واژوویە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نیە.
دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری ڕاپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە کە هاووڵاتی ئەمریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا.
دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە، هەڵبەستراوە و بەشێکە لەو هەڵمەتە چەواشەکارییەی، کە دژی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکوومەت دەکرێت.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
9ی دیسەمبەری 2021
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە