نوێترین پەیامی عەبدۆڵلا ئۆجاڵان :  "  تورکیا یارییەکی هەڵە دەکات " " نامەوێت هیچ کەسێک لەبەر من لە مانگرتنی خواردن و لە زینداندا بمرێت "

پەیامی کورد     ...    نوێترین پەیامی عەبدۆڵلا ئۆجاڵان ەوە بڵاو کرایەوە   "  تورکیا یارییەکی هەڵە دەکات " و نامەوێت هیچ کەسێک لەبەر من لە مانگرتنی خواردن و لە زینداندا بمرێت

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە عەبدۆڵلا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە زیندانی ئیمرالی یەوە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ موحەمەد ئۆجالان ی برای ئەنجامدا، ئەمڕۆ میدیاکانی نزیک لە PKK ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەیان بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راگەێندراوەکە ئۆجالان لەشێوازی دیدارەکە ناڕازی بوە و  بە هەڵە ناویبردوە، هەروەها داوایکردوە پارێزەرانی بێن سەردانی بکەن چوونکە "ئەگەر دیدارێک بکرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و لەگەڵ پارێزەرانم بێت".

موحەمەد ئۆجالان، برای عەبدۆڵلا ئۆجاڵان، رابەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK رایگەیاند، دوێنێ لەلایەن داواکاری گشتی ڕۆحا وە، بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری داواکاری گشتیدا، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ئۆجالان بکات و کاتژمێر ١:٤٥ خولەکی دوانیوەڕۆی  رۆژی ٢٥ی ئازار قسەی لەگەڵ براکەی کردووە.

موحەمەد ئۆجالان ئاماژەی بەوەکردوە، "ئۆجالان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ووتوویەتی حکوومەتی تورکیا یارییەکی هەڵە دەکات، ئێوەش هەڵەن، ئەمە بابەتێکی سیاسییە، نە یاساییە و نە ڕاستە، پێویستە پارێزەرانم بێنە ئێرە و لەگەڵیان دابنیشم".

عەبدۆڵلا ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەم تۆ (موحەمەد ئۆجالان) هەڵەی هەمیش دەوڵەت، هۆکارەکەشی ئەوەیە، ساڵێکە هیچ دیدارێک نەکراوە، ئەمە لە یاسای دەوڵەت و هیچ یاسایەکی دیکەش جێگە ناگرێت، هاتنی تۆ هەڵەیە و زۆر مەترسیدارە، دەوڵەتیش مەترسیدارە، ئەمە شتێکی ڕاست نییە، ئەگەر دیدارێک بکرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا بێت، نابێت بە دڵی خۆیان و دوای ساڵێک دیدارێک بە تەلەفۆن درووستبکەن، ئەوەی ئێوە دەیکەن زۆر هەڵەیە، دەوڵەتیش یارییەکی هەڵە دەکات، ئێوەش ئەمە یاسایی نییە، ڕاست نییە، هیچکات قبوڵ ناکرێت، هاوکات مەترسیدارە، ئاگاتان لێیە چی دەکەن؟".

رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK باسی لەوەشكردوە، "دەمەوێت پارێزەرانم بێنە ئێرە و دیدارم لەگەڵدا بکەن، ئەمە شتێکی یاساییە، ٢٢ ساڵە لێرەم، ئەگەر کێشەیەک بێتە پێش چۆن دەبێت؟ ئەم کێشەیە تەنیا لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێت، بۆ نایەنە ئێرە؟، ئەگەر چاوپێکەوتنێک بێت دەبێت لەگەڵ پارێزەران بێت، چوونکە ئەم دۆخە هەم سیاسییە هەمیش یاساییە".

لای خۆیەوە موحەمەد ئۆجالان ڕایگەیاندوە، "بە سەرۆکم وت یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنم بۆ ئێرە چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردنە و ئۆجالان وتوویەتی:  نامەوێت هیچ کەسێک لەبەر من لە مانگرتن لە خواردن و لە زینداندا بمرێت، پێشتریش ئەمەم ووتبوو، ئێستاش دەیڵێمەوە، پێویست بەمە ناکات، ئەمە شتێکی قورسە، پێویستە ئێوە ئەمە ببینن".

موحەمەد ئۆجالان ئەوەشی خستوەتەڕوو،  تەنها توانیویانە چوار بۆ پێنج خولەک قسە بکەن و پاشان پەیوەندییەکەیان داخراوەتەوە.

دوێنێ نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، داواكاری گشتی بنه‌ماڵه‌ی عەبدۆڵلا ئۆجالان رابه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان PKK بانگهێشتكردوه‌ بۆئه‌وه‌ی پەیوەندی ته‌له‌فۆنی ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌كه‌ چه‌ند ساتێكی كه‌م به‌رده‌وام بوه‌ و پاشان پچڕاوه‌.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە