نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا : سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گرینگ و تایبەتە
پەیامی کورد ... نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا : سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گرینگ و تایبەتە
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، سەبارەت بە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە ، تیایدا باس لە گرینگی سەردانەکە، دیدارەکان و تەوەرەکانی گفتوگۆ، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پرسی وەبەرهێنان، کەرتی ووزە، پرسی ئاسایش و فرەچەشن کردنی داهات لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا دەکات."
دەقی بەیاننامەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا:
بەیاننامەیەک دەربارەی سەردانی فەرمی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی ئەو هاوبەشێتی و پەیوەندییە لەمێژینەیەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە.
لە میانەی سەردانەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی و ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و بازرگانی، لەم دیدار و کۆبوونەوانەدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر بابەتەکانی پەیوەندار بە ووزە، پەرەپێدانی ئابوری و سەقامگیری ناوچەکە.
هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی بەردەوامی گرینگی ئەمریکایە لە بواری ئاسایش و ووزە.
ئەم سەردانە لە کاتێکی زۆر گرینگە بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەندی بەهێزی دووقۆڵی نێوان هەردوولا و گفتوگۆ کردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی ئیدارەی سەرۆک ترامپ.
ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی گرینگی ستراتیژی هەرێمی کوردستان و دڵنیابوون لەوەی بەرنامە لەپێشینەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان زۆر بەشێوەیەکی ڕوون دانپێدانراون لە واشینتۆن.
ئامانج لە دیدارەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر قووڵکردنەوەی هەماهەنگی هاوبەشە، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵنگارییەکان لە جیهان و ناوچەکەدا.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە فراوانکردنی وەبەرهێنان و هەماهەنگییە لە بواری ووزەدا، لە میانەی دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی ئەمریکا، ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر توانا ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرنامە فراوانەکانی بواری چاکسازی دەکاتەوە، ئامانج لە بەرنامەی چاکسازییەکان درووستکردنی ژینگەیەکی شەفاف و دۆستانەیە بۆ وەبەرهێنەران و هەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان لە تەواوی کەرتەکان.
هەروەها بەڕێزیان باس لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لەسەر چارەسەرێکی خێرا و بنیاتنەر دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموولایەک بکات و پشتگیری لە سەقامگیری ئابووری بکات.
ئاسایش و حوکمڕانی تەوەرێکی تری سەرەکی سەردانەکە دەبێت، بەردەوامی هاوبەشی ئاسایش و سەربازی ئەمریکا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ناوچەکە و دڵنیایی لە بەردەوامی هاوکاری و پشتگیرییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
سەردانەکەی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی دیالۆگ و تێڕوانینە بۆ داهاتوو لەنێوان هاوبەشە متمانەپێکراوەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری درێژخایەن و دەرفەتی ئابووری و پەیوەندی بەهێزی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان.
ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە