نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق پەیامێکی هۆشداری ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد    ...   نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق پەیامێکی هۆشداری ڕادەگەێنێت

 

نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایدەگەینێت، کەمبونەوەی رێژەی باران و روبەڕە ئاوییەکان هەڕەشەی جدی لە عێراق دەکات و دەشڵێت بە چاوی خۆم ئەو ئاڵنگاریانەم بینیوە کە وڵاتەکە دەگرێتەوە بەو هۆیەوە.

هێنین بلاسخار، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەنامەیەکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئاوەوە بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە، لەهەمو شوێنێکی ئەم هەسارەیە ئاو نهێنی ژیانە، بەردەستخستن و ئیدارەدانی بەشێوەیەکی گونجاو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام من مانگی رابردو سەردانی هۆڕەکانی باشوری عێراقم کرد، بەچاوی خۆم ئەو ئاڵنگاریانەم بینی کە بەهۆی ئەوەوە وڵاتەکە دەگرێتەوە.

باسیلەوەشکردوە، کەمبونەوەی رێژەی بارانبارین. کەمی ئاو، دیاردەی بەخوێبون، ئیدارەی ناچالاک و گەشەی دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەوا، و کەمبونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە مەترسی گەورەیان لەسەر عێراق دروستکردوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە راستییەکی تاڵە کە کەمبونەوەی ئاو هەڕەشەیەکی هەنوکەیی و یەکلایەنی نییە، بەڵکو فرە مەترسیە و کاریگەری لەسەر هەژاری و ئاوارەیی هەیە و مەترسی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دروست دەکات.

بلاخسارت لە درێژەی نامەکەیدا ئەوەی رونکردوەتەوە، زۆرجار مەسەلەی ئاوی ژێرزەوی فەرامۆش دەکرێت، کەلەراستیدا سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی سازگارە و پێویستە پارێزگاری لێبکرێت.

هاوکات لە کۆتایی نامەکەشیدا جەختیلەوەکردوەتەوە، پێویستە مەسەلەی ئاو لە ئەولەویاتی سیاسەتی لایەنە پەیوەندیدار و  سیاسییەکاندا بێت، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، پێویستە پەلە بکرێت لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو، هاوکات پێویستە دەوڵەتانی دراوسێ دەست بە گفتوگۆیەکی جدی بکەنەوە لەبارەی دابەشکردنی ئاوەوە، ئێمەش لەنەتەوە یەکگرتوەکان بەهاوبەشی لەگەڵ عێراق دەتوانین هەوڵەکانمان بەگەڕبخەین بەمەبەستی ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکانی.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە