نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 لە عێراق : هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت
پەیامی کورد ... نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 لە عێراق : هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 لە عێراق ڕایگەیاند : لە لیژنەی باڵای ماددەی 140هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا چوار کۆبوونەوەی زۆر باشمان ئەنجامداوە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140لە عێراق، دژوار فایق، ڕایگەیاند : ئێمە مانگانە کۆبوونەوەی دەوریی خۆمان هەیە و لە خولی تازەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140بە سەرۆکایەتی هادی عامری چوار کۆبوونەوەمان کردووە، ڕاسپاردە و بڕیاری گرینگمان لەو کۆبوونەوانەدا داوە و ڕاسپاردە بۆ حکوومەت نێردراوە لەکاتی خۆی بڕیار هەبوو لە عێراق لەساڵی 2012 بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لیژنەی شئونی شیمالی مونحەل، ئەو بڕیارانە هەڵوەشێتەوە کە زەوی جووتیارانی کورد دراوەتە هەندێک خەڵک و وەزارەت، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت کاتی خۆی سێ لیژنەی بۆ پێکهاتووە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، ئەم جارە لیژنە پێکهاتووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و زەوی بۆ خاوەنەکانیان بگەرێتەوە کە زۆربەی هی کوردەکان و وبەشێکیش هی تورکمانەکانە و زیاتر لە 900 هەزار پارچە زەوییە، ڕاسپاردەیەکی دیکەیشمان ناردبوو ، کاتی خۆی پڕۆژە یاسایەک نێردرابوو بۆ پەرلەمان لە ساڵی 2014 بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی قیادەی ئەنجوومەنی شۆرەش و حکوومەت وەڵامی داوەتەوە و بۆ پەرلەمانیان ناردووە هەڵبوەشێتەوە، بەو بڕیارەش 300هەزار پارچە زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێتەوە، جگە لەوەش چەند ڕاسپاردەیەکمان داوەتە حکوومەت و وەزارەتەکان بۆ ئەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی لەسەر زەوییەکانی کورد و تورکمان کراون تازە نەکرێنەوە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە و داوامان لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە سوپا دەست لە کاروباری زەوییەکانی کورد وەرنەدات.
ئێستا قەرەبووکردنەوە دەستی پێکردووە و 100ملیار دینار تەرخانکرابوو، بەڵام بە هەوڵی ئێمە و نوێنەرانی کورد بەتایبەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر شاخەوان عەبدۆڵڵا 100ملیاری دیکەش زیاد کرا.
دژوار فایق ووتیشی: ئەو پێشنیازەی منیش پەسەندکرا و بڕیاریاندا پەلەیشی لێ بکرێت، ئەویش لە قەرەبووکردنەوە لە جیاتی پارە دەکرێت پارچەیەک زەوی بەخەڵک بدرێت نرخەکەی لە 10ملیۆن دینار کەمتر نەبێت یاخود پارە تەرخان بکرێت تا دووسێ دیکە خەڵک قەرەبوو بکرێتەوە و پێشنیازێکی دیکەم کرد، ئێمە چ هەنگاوێکمان ناوە و چی ماوە ئەوانەش تەواو بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانەی دیموگرافیا کراوە لەو ناوچانە لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە ئەو کارە جێبەجێ بکات و ئەوکارە چارەسەر بکات، ئەگەر نەیتوانی داوا لە حاکمێکی بێلایەن بکات، ئەگەر نا داوا لە یووئێن بکات هاوکارییان بکات.
فایق باسی لەوەشکرد: لە ماددەی 58دا هاتووە باسی ئاسایی کردنەوەی ماددەی 140دەکات، خەڵک بگەڕێتەوە، خاڵی دووەم قەرەبوو کردنەوەیە، خاڵی سێیەم ڕەخساندنی دەرفەتی کارە، خاڵی چوارەم بەخشینی زەویە بەوانەی دەگەڕێنەوە، ئەمانەمان باس کردووە و ئێستا کەشێکی باش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.
ووتیشی: ئەوەی لای ئێمە گرینگە گەڕانەوەی خەڵکەکەمانە بۆ سنووری ماددەی140و زەوییان پێبدرێت و قەرەبوو بکرێنەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و زەویەکانیان پێبدرێتەوە ، هەنگاوەکان باشن، دەمینێتەوە نوێنەرەکانی کورد لە حکوومەت و پەرلەمان پاڵپشتی و لۆبی بۆ بکەن بۆ ئەوەی وماددەی 140جێبەجێ بکرێت، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی زوڵمی لێ کراوە مافی بۆ بگەڕێتەوە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە