نوێنەری کونگرەی ئەمریکا، پەیامێکی دەربارەی بارودۆخی نالەباری بەندکراوی سیاسی کورد، زەینەب جەلالیان بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   نوێنەری کونگرەی ئەمریکا، پەیامێکی دەربارەی بارودۆخی نالەباری بەندکراوی سیاسی کورد، زەینەب جەلالیان بڵاو دەکاتەوە

 جیمی ڕسکین،‌ نوێنەری مریلەند لە پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا، ئێوارەی سێشەممە ٢٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری زەینەب جەلالیان تویتێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ''زەینەب جەلالیان بۆ ماوەی ۱۳ ساڵ بەهۆی چالاکی سیاسی بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ژنان لە بەندیخانەکانی ئێران لە بەند دایە، زەینەب نەتەنیا لە بەندە، بەڵکوو هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شکست هێنان بە ئیرادەی، ناوبراویان لە خراپترین بارودۆخ هێشتووەتەوە بە شێوەیەک کە لە سەرەتایی ترین ئیمکانیاتی پاک و خاوێنی و تەندرووستی بێبەشیان کردووە ''.

ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی: «کۆماری ئیسلامی دەبێت گرینگی بداتە داواکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ سەبارەت بە ئازادی دەستبەجێ و بێ هەلومەرجی زەینەب جەلالیان .»

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایانگەیاندووە که زەینەب جەلالیان دەیان جار ئەشکەنجە کراوە و لە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤبوون بێبەش کراوە تەنانەت دەسپێڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزاری تەندروستی گرێدراوە بە ددانپێنانی زۆرەمللێیانە و لە پێش گوتراو.

زەینەب جەلالیان لەدایک بووی شاری ماکۆ وە، ناوبراو لە ڕەشەممەی ساڵی ۱۳۸۶ لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا. دەسەڵاتی دادوەری ئێران ناوبراوی بە تۆمەتی ''دژایەتیکردن و ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامی "  به لەسێدارەدان مەحکووم  و پاشان دە ساڵ پێش ئێستا بە بەندکردنی هەتاهەتایی مەحکووم کرا.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە