نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق پەیامێکی گرینگ ڕادەگەینێت
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق گوتی، سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا، ئەنجامێكی باشی ھەبوو و لەسەر ھەموو كارەكان رێككەوتن، بەم زووانەش دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان دروست دەكرێن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، رایگەیاند، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی مابوون لەبارەی بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكان بە ھاوبەشی، سەردانی بەغدایان كرد و ئەنجامی سەردانەكە زۆر باش بوو و لەسەر ھەموو كێشەكان گەیشتنە رێككەوتن.
تەڵعەت باسی لەوەش كرد، ئێستا ژوورە ھاوبەشەكان كاری خۆیان دەكەن و زۆریش چالاكن و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئەوەی مابوو دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش بوو، كە بە چ شێوەیەك بێت و مووچەیان چۆن دابین بكرێت، كە هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە مەشق و راھێنان بكەن و بەسەر ناوچەكاندا دابەش دەكرێن، كە تا پێش ھەڵبژاردنەكان ئەو پرسە یەكلا دەبێتەوە، چونكە ھەموو كارەكانیان تەواو بوونە و تەنھا مەشق و راھێنانیان ماوە ئەویش بەم نزیكانە دەبێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە