نیشتنەوەی سەرنەکەوتووی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە کۆریای باشوور؛ نزیکەی هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەست دا

پەیامی کورد   ...    نیشتنەوەی سەرنەکەوتووی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە کۆریای باشوور؛ نزیکەی هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەست دا

 بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فڕانس پرێس، یەكشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، فڕۆکەیەکی کۆریای باشوور لە فڕۆکەخانەی موان، تێکشکا و  لە ئەنجامدا ١٢٢ کەس لە سەرنشینەکانی گیانیان لە دەست داوە و بەشێك لە بریندارەكانیش دۆخیان ناجێگیرە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای جیجۆ ئایر ١٧٥ سەرنشین و شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدا بووە، لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موان لە کۆریای باشوور، لەڕێڕەوەکەی لای داوە و خۆی بە دیوارێکدا کێشاوە.

هەر بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە، فڕۆکەکە لە بانکۆک، تایلاند ەوە هاتبوو و ژمارەی سەرنشینەکانی ١٨١ کەس بووە.

فەرمانگەی فریاکەوتنی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، پێدەچێت ڕووداوەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لەکارکەوتنی تایەی پێشەوەی فڕۆکەکە ڕوویدابێت.

فڕۆکەی بۆئینگ 737-800 لە بانکۆکی پایتەختی تایلەندەوە دەگەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی مۆان کە نزیکەی 290 کیلۆمەتر لە باشووری سیئۆلەوە دوورە، کاتێک ڕووداوەکە ڕوویدا.

ئەمەش یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی ئاسمانی لە مێژووی کۆریای باشووردا.


ئەم بابەتە 110 جار خوێندراوەتەوە