نێچیرڤان بارزانى : ئاڵاى كوردستان، هێماى ئاواتى هاوبه‌ش مانه
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى : ئاڵاى كوردستان، هێماى ئاواتى هاوبه‌ش مانه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2023/12/17 له ڕۆژى ئاڵاى كوردستاندا، له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان به به‌شداری نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵدانى ئاڵاى كوردستان به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
کەسوکاری خۆشه‌ویست و سه‌ربه‌رزى شەهیدان،
پێشمەرگە قاره‌مانه‌كان،
هێزه‌كانى ناوخۆ، پارێزه‌رانى ئه‌زموونه‌كه‌مان
كوردستانییانى ئازیز لێره و له هه‌ر شوێنێكى جیهان بن،
ڕۆژی ئاڵاتان لێ پیرۆز بێت
له ڕۆژى پیرۆزى ئاڵای کوردستاندا کە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، با هەر شەکانەوەیەکی لە به‌رزاییدا، هێزی بەردەوامیی و پێکەوەییی گەلەکەمان، به بیرمان بهێنێته‌وه.
ئاڵاى كوردستان، تابلۆیەکى ڕه‌نگینه، بە خوێنی شەهیدان و بە ویستی تێکوشان و پێکەوەژیانی هەموو ئەوانه‌ى کوردستان بە ماڵ و نیشتمانی خۆیان دەزانن، نەخشێندراوە.
با ڕەنگەکانی ئاڵاكەمان لە دەروونی ئێمەدا، ویست و بەها باڵاکان وەئاگا بهێنن. ڕەنگی سپی، ویستی دادپەروەری و ئاشتی و پێکەوەژیانە. ڕەنگی سەوز، ویستی ژیانەوە و بەردەوامی و تێکۆشانە. ڕەنگی سوور، ویستی بەرخودان و بەرەنگاربوونەوە و پیرۆزیی خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی كوردستانە. با خۆری زەردی سەر ئاڵاکەمان، ببێتە هەوێنی هیوا و ئاوات و ئومێدمان، بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین.
ئەم ئاڵایە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئاماژەیە بۆ یەک نیشتمان، یەک به یەکی دڵانى ئەم نیشتمانەش لە هەركوێ بن بە كورد و بە هەموو پێكهاتەكانی ترەوە پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە با بەرزکردنەوەی ئاڵا لەمڕۆدا، ئەو پەیمانەش لە دەروونماندا نوێ بکاتەوە کە دووبەرەکی تێپەڕێنین، ڕێزی جیاوازییەکانمان بگرین و پێکەوە نەتەوەیەک بنیاد بنێین کە ببێتە جێی ئومێدی هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. كوردستان ببێتە ماڵی پێکەوەژیان، ببێتە نموونەی لێبوردەیی لەنێو گەلانی ناوچەکە و لە جیهاندا.
ئاڵاکەمان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان و سەرکەوتنمانە بەسەر بەربەستەکاندا. هێمای بەڵێنمانه بۆ هێنانەدی داهاتوویه‌كى ڕووناکتر بۆ هەموومان.
كاتێك ئاڵا لە ئاسمانی بێ سنووردا هەڵ دەکەین، با لەگەڵیدا وورەمان بەرز ببێتەوە. با هەموو ئەو توانا بێ سنوورانە به بیرمان بهێنێته‌وه كه له تێکۆشانی پێکەوەیی ماندا هەن.
با ئەو شکۆیەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەین، هانمان بدات بۆ ئامانجی باڵاتر، بۆ دەسکەوتی گەورەتر، بۆ گیانی پێکەوەیی و سۆزی هاوبەش، بۆ خۆشەویستیی هاوبەشی ووڵات و هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. لەژێر ئەم چەترە کۆکەرەوەدا کە سیمبولی ناسنامه‌ى هاوبەشیمانە، با پێکەوە بەرەوەپێش بڕۆین، بەهێزتر و به‌گوڕتر، بۆ ئەوەی مەزنی نەتەوەکەمان لەسەر لاپه‌ڕه‌كانى مێژوو تۆمار بکەین.
لەم ڕۆژەدا سڵاو له گیانى پیرۆزى هەموو ئه‌و نه‌مرانه‌ى له‌ژێر سایه‌ى ئه‌م ئاڵایه‌دا بۆ ئازادى گیانیان به‌خشى.
سڵاو لەو تێكۆشەرانەی كە لەژێر ئەم ئاڵایەدا هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی خەونی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بهێتە دی. سڵاو لەو تێكۆشەرانە، لەو پێشمەرگە قارەمانانە كە تا ئێستاش بۆ سەرفرازی، بۆ ئارامی ووڵات هەوڵ دەدەن و لە تێكۆشان نەوەستاون.
سڵاو له هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ژێر سایه‌ى ئه‌م ئاڵایه‌دا تێده‌كۆشن و كار ده‌كه‌ن بۆ داهاتوویه‌كى باشتر بۆ ووڵاتەكەمان.
هەموومان پێكەوە ئەمڕۆ دەڵێین:
بەرز و شەکاوە بێ ئاڵاکەمان
هەر سەرفراز بێ کوردستان
ئێوەش هەموو لایەكتان بە خێر بێن.
زۆر سوپاس.
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە