نێچیرڤان بارزانى جهختی له گرینگی كهرتى تایبهت کردهوه
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى جهختی له گرینگی كهرتى تایبهت کردهوه
له پهراوێزى سهردانه فهرمییهكهیدا بۆ ئیمارات، پێشنیوهڕۆى سێشهممه 2025/4/8 نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پاڤلیۆنى ههرێمى كوردستانى له لووتكهى ساڵانهى وهبهرهێنان له ئهبووزهبى بهسهركردهوه.
سهرۆكى ههرێمى كوردستان، وێڕاى دهربڕینى خۆشحاڵى به ئامادهیى و بهشداری ههرێمى كوردستان له لووتكهى ساڵانهى وهبهرهێناندا له ئهبووزهبى، دهستخۆشی له د. محهمهد شوكرى سهرۆكى دهستهى باڵاى وهبهرهێنانى ههرێمى كوردستان و تیمهكهى له لایهنه پهیوهندیدارهكانى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و وهبهرهێنهران و گرووپى وهبهرهێنهرانى كارى بچووكى كوردستان كرد كه لهو لووتكهیهدا بهشدارن و هیواى سهركهوتنى بۆ خواستن.
سهرۆك نێچیرڤان بارزانى له ووڵامى ڕۆژنامهواناندا جهختى لهسهر گرینگی كهرتى تایبهت بۆ پێشكهوتنی ههر ووڵاتێك كردهوه. ههر لهمبارهیهوه باسى لهوه كرد كه له كۆبوونهوهى دوێنێیدا لهگهڵ شیخ محهمهد بن زاید ئال نههیان، سهرۆكى ئیمارات، بهدرێژى باسیان له دهرفهتهكانى وهبهرهێنان له ههرێمى كوردستان كردووه و خهریكن نێردەی تایبەتی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن كه هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
له بهسهركردنهوهكهدا باڵیۆزى عێراق له ئیمارات، یاوهرى سهرۆكى ههرێمى كوردستان بوو.
لێدوان و ووڵامى سهرۆك نێچیرڤان بارزانى بە ڕۆژنامهنووسان.
سەرەتا لە ووتەیەكدا ووتی: "خۆمان بە سەردانێكی فەرمی هاتبووین بۆ ئیمارات، بۆ ئەبووزەبی و هەر لەم دیدارەدا، دیارە دكتۆر محەمەدیش زانیویەتی كە ئێمە لێرەین بانگهێشتى كردین كە بێین بۆ ئەم شوێنە. زۆر سوپاسی بانگهێشتهكهى دەكەم. خۆشحاڵم كە دەبینم لێره لە ئەبوزەبی، لە ئیمارات شوێنێك هەیە بە ناوی كوردستان و بە ناوی عێراق كە ئێوە چۆن بتوانن بڕوا بە وەبەرهێنەری بیانی بكەن بێن بۆ كوردستان، باوەڕی تەواو بەوە هەیە كە داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك، كەرتی تایبەتە. هەر لەو ڕۆژانەی كە دەستەی وەبەرهێنانمان درووست كرد، خۆم بەو بیرۆكهیهى كە دەبێت دهرفهت بدرێتە كەرتی تایبەت ڕۆڵی خۆیان ببینن، درووستمان كرد. لە هەر ووڵاتێك كەرتی تایبەت بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لە ئاوەدانكردنەوەی ووڵاتەكەی، ئەو ووڵاتە پێش دەكەوێت، لە كوردستان زیاتر لە هەموو ووڵاتانی جیهان پێویستیمان بەوە هەیە كە كەرتی تایبەتی خۆمان لەگەڵ حكوومەت و دەست لەناودەست پەنا بەخوا بتوانین ئاوەدانی زیاتر بۆ كوردستان ئەنجام بدەین. بێگومان ئەگەر سەیری دۆخی كوردستانیش بكەین لەو كاتەوەی كە دەستەی وەبەرهێنان دروست بووە و تا ئێستا، دەبینین بە ڕاستی پێشكەوتنی باش بەدەست هاتووە و ناكرێ ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدەست هاتوون بە كەمی بزانین، بەڵام ئەم پێشكەوتنانە بەدەست نەدەهات ئەگەر كەرتی تایبەت لەگەڵ حكوومەت نەبوایە. دەمەوێت دەستخۆشییەكی گەرم لە هەموو وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە بە ڕاستی ڕۆڵیان هەبووە لە پێشكەوتنی كوردستاندا و پەنا بەخوا ئەوەی هەمانە، تموحی زیاتریشمان هەیە كە ئەم پێشكەوتنانە زیاتر ببن. هیوادارم بەو كارانەی كە دەیكەن لە دەستەی وەبەرهێنان كاك دكتۆر محەمەد پەنا بەخوا سەركەوتوو بن و شاهێدی ئەوە بین هەم وەبەرهێنهرانی خۆماڵی خۆمان زیاتر وەبەرهێنان بكهن، هەم لە دەرەوەش ئێوە كارێكی وا بكەن كە بتوانن بێنە ناو هەرێمی كوردستان، لە هەرێمی كوردستانیشەوە وەكوو دەروازەیەك بۆ هەموو عێراق دەكرێ سوودی لێ وەرگرن.
بێگومان بۆ هەر وەبەرهێنەرێك كە بێتە ووڵاتێك، دوو سێ شت پێویستە. یەكەم دەبێت یاساكان زۆر شەفاف بن و زۆر جار باسى ئەوەمان دەكرد كە دەبێت مامەڵەكان بە شێوەیەكی خێرا بڕوات. پێم وایە لەم بوارەشدا ئێوە كاری باشتان كردووە، بە ڕاستی ئەوی كە دەیبینم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی كشتوكاڵ، پێشكەوتن لەو بوارەشدا ئێستا هەیە. دووەم ئەگەر كێشەیەك دروست بوو و ناكۆكییەك دروست بوو، چۆن بتوانن یەكلایی بكەنەوە و لە دادگاكان چارەسەری بكەن. پێموایە ئێستا دادگایەكی بازرگانییش درووست كراوە بۆ ئەم شتانە، كەواتە دوو شتی سەرەكی درووست بووە. ئەوەی سێیەم پرسی بانكەكانە، بانكەكان بەشێكی لە دەست هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەشێكی زیاتری دەبێت بە هاوكاری لەگەڵ بەغدا پەنا بەخوا چارەسەر بكرێت. واتە ئەگەر ئەمانە هەموویان هەبن، كەشێكی زۆر باش دەڕەخسێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن بە ئارامی وەبەرهێنان لە ووڵاتی خۆیاندا بكهن. پەنا بەخوا كوردستان هەر ئاوەدان بێت بە پشتیوانی ئێوە و بە وەبەرهێنانی زیاتری ئێوە لەو ووڵاتە و عێراقیش، هەروا بۆ هەموولا بە خۆشی و دووباره زۆر سوپاس بۆ ئەم بانگهێشته.
دواتر لە ووڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتی: "گفتوگۆیەكی جیددی لەنێوان ئێمە و یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا هەیە. خۆتان ئاگادارن ئەم ماوەیە هەندێك پشوو هەبوو و جەژن بوو، دوای ئەوە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزانیش تێكەڵ بوو، پێموابوو ئەمە بوو هۆكاری سەرەكی كە تا ئێستا دواكەوتووە، بەڵام پێموایە لەسەر ڕێچكەیەكی دروست دهڕۆین بۆ ئەوەی بتوانین حكوومەت پێكبهێنرێت. لەبارەی پرسی نەوتهوه، هەندێك كێشەی تەكنیكی هەیە بە ڕاستی، بەڵام وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەیییەك هەیە بۆ ئەوەی بە زووترین كات نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە، هەناردەی دەرەوە بكرێت".
سەبارەت بە كاریگەری كێشەكانی ناوچەكە لەسەر عێراقیش، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئەوەی كە گرینگە بەغدا و بەتایبەت سەرۆكوەزیران جەنابی سوودانی و عێراق هەموو كارێكیان كردووە تا ئێستا كە نەیانهێشتووە عێراق بكەوێتە ناو ئەو گێژاوەوە و خودی ئەو كارەی كە كراوە و نەیانهێشتووە عێراق ببێتە بەشێك لە كێشە، كارێكی زۆریان كردووە. كێشەی خودی عێراق خۆی زۆرە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك نابێت عێراق پەلكێش بكرێت بۆ ناو هەر كێشەیەك لە ناوچەكەدا. ئەوەی من ئێستا لە بەغدا دهیبینم، سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەیە كە نەهێڵن ئەو ئاگرە بگاتە عێراق".
هەر سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەگەری پێكهێنانی بۆ دوای مانگی حەوت یان پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "دانووستانەكانمان بۆ ئەوەیە كە بە زووترین كات حكوومەت پێك بهێندرێت، بەڵام هیچ دید و نییەتێك نییە كە بكەوێتە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوە نە لەناو پارتی هەیە و نە لەناو یەكێتیش هەیە. با بزانین ئەم گفتوگۆیانه پەنا بەخوا بە زووترین كات دەست پێبكرێنەوە و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەنا بەخوا پێكدەهێنرێت".
دەربارەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیمارات و ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە لە كۆبوونەوەی دوێنێی یان لەگەڵ سەرۆكی ئیمارات، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتی: "پرسیارێكی درووستە، ئەوەی من دهیبینم و بەتایبەتی بینینی بەڕێزیان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی زۆر دوورودرێژمان هەبوو لەگەڵ جەنابی شێخ محەمەد بن زاید سەرۆكی ئیمارات. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە ئیمارات زۆر بە جیددی و دڵسۆزییەوە هەوڵ دەدات ڕێگەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا خەریكن یان لەوانەیە لە ماوەیەكی كورتدا یەكێك دەستنیشان بكەن، نێردەی تایبەتی خۆیان بۆ وەبەرهێنان تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گەورەیە بەرەو پێشەوە، ئێستا كاری لەسەر دەكەن وەك بیرۆكە، لەوانەیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بە شێوەیەكی فەرمی ڕابگەێندرێت. خودی ئەم هەنگاوە كە ئیمارات بەنیازە ئەنجامی بدات، نیشانەیەكی گەورەیە كە ئیمارات دەیەوێت وەبەرهێنان لە كوردستان و لە ڕێگەی كوردستانیشەوە لە هەموو عێراق بكات. ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئیمارات و عێراق بە شێوەیەكی گشتی دەوروبەری سی ملیار دۆلارە بە هەموویەوە، بەشێکیش لەو سی ملیار دۆلارە لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، بەڵام خواستی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئەم كارەی ئەمڕۆ كە ئێوەش تەشریفتان هێناوە و دەستەی وەبەرهێنان ڕێكیخستووە بۆ ئیماراتیش نیشانەی ئەوەیە كە دەتانەوێ وەبەرهێنەری ئیماراتی زیاتر بێن بۆ كوردستان و وەبەرهێنان بكەن. زۆر سوپاس".
ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە