نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌رهه‌م ساڵح دەکات
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/11/17 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركۆمارى عیراقى فیدراڵ كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق به‌گشتى و قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و ئه‌نجامه‌كانى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان، پرسى دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، شه‌ڕى تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، خرانه به‌ر باس و بیروڕایان له‌باره‌یانه‌وه گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرینگى و پێویستی هاریكارى و هه‌ماهه‌نگی هێز و لایه‌نه عیراقییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى ته‌حه‌دییه‌كانى ئه‌م قۆناغه كرده‌وه و هاوڕا بوون كه هه‌مووان پێكه‌وه بۆ جێگیركردنى سه‌قامگیرى و هێنانه‌كایه‌ى حكوومه‌تێكى خزمه‌تگوزار و وه‌ڵامده‌ره‌وه بۆ چاوه‌ڕوانى و داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان كار بكه‌ن و پرۆسه‌ى سیاسى و وڵات بخه‌نه سه‌ر ڕێچكه و پێگه‌ى دروستى خۆى.
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە