نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى فه‌ره‌نسا ده‌كات

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى فه‌ره‌نسا ده‌كات

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكى ووڵاتی فه‌ره‌نسا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى گه‌لى كوردستانى بۆ فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتگیری مرۆیى، سیاسى و سه‌ربازیى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ و هیواى خواست فه‌ره‌نسا له‌ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌وڵه‌كان و ڕۆڵى یارمه‌تیده‌رانه‌ى سه‌رۆك ماكرۆنى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئارامى و سه‌قامگیری عێراق كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ شاندى فه‌ره‌نسا ش وێڕاى سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى كوردستان له‌ شكاندنى داعش و حه‌واندنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئاواره‌ په‌نابه‌ران و پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته‌كان، دووپاتى كرده‌وه كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بایه‌خ و گرینگییه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ دۆستایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و له‌ پێگه‌ و ڕۆڵى هه‌رێم له‌ سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕوانێت و هێشتا كارێكى زۆرى هاوبه‌ش ماوه‌ پێكه‌وه‌ بیكه‌ن و هه‌رێمى كوردستانى به‌ فاكته‌رێكى گرینگى سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌، له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/25  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمى كوردستان پێشوازی لە خاتوو فرانسوا دۆماس سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ پێکهاتبوون لە فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیە دیکۆتینى، کونسوولی گشتی فەرەنسا لە هەولێر پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منی عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعش، ڕۆڵى هێزه فه‌ره‌نسییه‌كان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تى له‌ هاوكارى و پشتگیریكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى تیرۆر تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و بۆ له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كییان، عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێویستییان به‌ به‌رده‌وامی پشتگیرى و ئه‌ركى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوبه‌شیى زیاترى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، میكانیزمى هاریكاریى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى ١٤٠ى ده‌ستوور، دۆخى سووریا به‌گشتى و چه‌ند ته‌ورێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە