نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى بەریتانیا لە عیراق کرد

پەیامی کورد    ...    نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى بەریتانیا لە عیراق کرد

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارک برایسن ڕیچاردسن، باڵیۆزى بەریتانیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عیراق، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پێشکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ له‌چاو جارانی پێشوو و گرینگی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک به‌ ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەردانى مانگى ڕابردووى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن، هەنگاوەکانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆڤید_19، شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەوەى حکوومەتى داهاتووى عیراق ووڵامدەرەوەى خواست و چاوەڕوانییەکانى خەڵکى هاووڵاتیان بێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و کاریگەرییەکانیشى بەتایبەتى لە بوارى پەروەردە و ئابووریدا، فراوانکردنى پرۆسەى کوتانیان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە بە پێویست و گرینگ زانى، هەروەها خۆشحاڵییان بە پرۆسەى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عیراق بە یارمەتیى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، نیشان دا.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرینگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە، هەروەها سوپاسى پشتگیری و هاوکارییەکانى بەریتانیاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بە بەردەوامی بەدواداچوونى ئەنجامى سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران و بەرپرسانى دیکەى بەریتانیا دا و ستایشى ڕۆڵى باڵیۆزخانە و کونسوولخانەى بەریتانیاى لە بەغدا و هەولێر لەمبارەیەوە کرد.

تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە بەڕێز کونسوولى گشتی بەریتانیاش تیایدا ئامادە بوو.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە