نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى فینله‌ندا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى فینله‌ندا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2024/2/4 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئانو سارێلا باڵیۆزى فینله‌ندا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاری هاوبه‌شى فینله‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى سیاسى و ئه‌منی عێراق و گرینگی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیری ووڵات، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌شداری فینله‌ندا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش ده‌ربڕى و ستایشى پشتگیری فینله‌نداى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى هێزه‌كانى فینله‌ندا كرد كه‌ هێشتا له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ ئه‌ركدان.

كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراین و دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 12008 جار خوێندراوەتەوە