نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌مریكى كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌مریكى كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/3/9 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تی مەتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عیراق كرد كه‌ له‌ جۆن برینان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا، جینیفه‌ر گاڤیتۆ یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى عیراق و ئێران، ئیتان گۆڵدریچ یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى ووڵاتانى سووریا، لوبنان و ئوردن، مات پێرل نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى سووریا و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى و سیاسى و دیپلۆماسى و كونسوولى گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى، دۆخى ئه‌منی عیراق، مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ عیراق و سووریا، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، بڕیارى دادگا‌ى باڵاى فیدرالی عیراق ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

لایه‌نى ئه‌مریكى پابه‌ندی ووڵاته‌كه‌یان بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و كارى هاوبه‌شى نێوانیان دووپات كرده‌وه‌ و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراقیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌ پێویست و گرینگ له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ته‌بایى و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌هێز ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى باشتر ده‌پارێزێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستوویی سیاسى له‌ عیراق هه‌یه‌ و تا ئێستا ئه‌و لێكگه‌یشتنه‌ سیاسییه‌ نییه‌ پرۆسه‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گرینگى زانى هه‌موو لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى ڕاسته‌ڕێ بكرێت. هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى ئه‌مریكاى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور دووپات كرده‌وه‌.

پرسى ئازادییه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ و دۆخى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سووریا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە