نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکى ئەمریکى کۆدەبێتەوە
نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/9/30 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو جینیفەر گاڤیتۆ، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى عیراق و ئیران و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ کران و لەمبارەیەوە خاتوو گاڤیتۆ دووپاتى کردەوە کە ئەمریکا بە بایەخەوە لە عیراق دەڕوانێت و پەیوەندیى ئەمریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان پەیوەندی دۆستانە و هاوبەشییەکى ستراتیژی درێژخایەنە کە چەندین بوار دەگرێتەوە، هەروەها سەقامگیری عیراقى بۆ پاراستنى سەقامگیری ناوچەکە بە گرینگ و پێویست زانى، هەردوولاش هاوڕا بوون کە سەردانەکە بۆ نیشاندانى بایەخدانى ئەمریکا بە عیراق و هەرێمى کوردستان، گرینگ و لە کاتى خۆیدایە.
خاتوو گاڤیتۆ پابەندی ئەمریکاى بە بەردەوامیى پشتگیرى لە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەگە و ڕێکخستنەوەى هێزەکانى دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە ئەمەریکا لە بوارەکانى دیکەى ئاسایش، وزە، ئابوورى، کولتوورى پەروەردەییشدا دەتوانێت هاوکار و هاوبەشى هەرێمى کوردستان بێت، هەروەها ئاماژەى بە سەردانێکى بۆ قەڵاى هەولێر و بینینى پرۆسەى نۆژەنکردنەوەى قەڵا کرد، جەختیشى لەوە کردەوە کە هانى وەبەرهێنانى ئەمریکى لە هەرێمى کوردستان دەدەن، بەتایبەتى لە ڕێگەى دامەزراوەى DFCى ئەمریکییەوە کە پشتگیری دارایى دەداتە پرۆژەکانى وەبەرهێنان.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پیرۆزبایى لە خاتوو گاڤیتۆ بۆ دەستبەکاربوونى لە پۆستى تازەیدا، سوپاسى بەردەوامی پشتگیری ئەمریکاى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا و فراوانکردنى بوارەکانى هاوکاری نیوانیان کردەوە، هەروەها ئاماژەى بە دەرفەتى زیاترى کار و سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنانى ئەمەریکى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد.
هەردوولا باسیان لە هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانى کرد و جەختیان لە گرینگی بەڕێوەچوونێکى سەرکەوتووانەى هەڵبژاردن کردەوە. لەمبارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست هەڵبژاردن دەرفەتێکى دیکە بداتە هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بۆ پێکەوە کارکردن و جێبەجێکردنى دەستوور و سیستەمى فیدراڵى.
دیالۆگى ستراتیژی عیراق و ئەمریکا، دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکانى عیراق، ئاڵنگارییەکانى بەردەم ووڵات، مەترسییەکانى تیرۆر، هەڕەشە و کردارەکانى داعش لە عیراق و ناوچەکە، ئەرکى هاوپەیمانی نێودەوڵەتى لە عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو کە کونسوڵى گشتی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوو.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە