نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکى لە لایەن ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا وە پێدەگات
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکى لە لایەن ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا وە پێدەگات
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/9/30 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە ئۆلیڤیێ دیکۆنتینى، کونسوڵى گشتی فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا دیکۆنتینى نامەیەکى ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆمارى فەرەنساى بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانى گەیاند، تیاید هاتووە:
ڕێزدار جەنابى سەرۆک، نێچیرڤان ى هێژا
شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە بە ناوى فەرەنسا و بە ناوى خۆمەوە سوپاسگوزارى پێشکەش بە جەنابتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە هەولێر لە منتان کرد، وەک چۆن لە دیدار و کۆبوونەوەکانى پێشترماندا لە بەغدا و پاریس، بەڵێنى سەردانى هەولێرم بە جەنابتان دابوو.
لە بەشێکى دیکەى نامەکەدا هاتووە:
فەرەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین. ئەم گیانى دۆستایەتى و متمانە و وەفادارییە لە کۆبوونەوەکەماندا ڕەنگدانەوەى لەسەر دەوڵەمەندیى گۆڕینەوەى بیروبۆچوونەکانمان هەبوو، هەروەها بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانى و خانەوادەى شەهید هوجام سوورچى لە هەولێر، خوازیار بووم ئەم وەفادارى و دۆستایەتییە بەرز ڕابگرم.
لە کۆتاییدا ماکرۆن نووسیویەتى:
دڵنیام هەرێمى کوردستان سوودمەند دەبێت لەو پێشکەوتنانەى لە کۆنفرانسى بەغدا بۆ هەماهەنگى و هاوبەشى بەدەست هاتوون، دڵنیاش بن فەرەنسا لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتى، لە پایەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت.
بە نوێکردنەوەى وەفادارترین هیوام بە سەرکەوتنان جەنابى سەرۆک، تکایە بفەرموون بۆ قبووڵکردنى ڕێزى بێکۆتاییم.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە