نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى كۆمیته‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى كۆمیته‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا كۆبووه‌وە

له‌ دووه‌م ڕۆژى چالاكییه‌كانیدا له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میوونشن، به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/2/19 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو ئیلیسا سلۆتكین نوێنه‌ر و ئه‌ندامى كۆمیته‌ى هێزه سه‌ربازییه‌كان له‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا خاتوو سلۆتكین دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌كى زۆر دۆستى له‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا هه‌یه‌ كه‌ ئاشناى خه‌بات و قوربانیدانى گه‌لى كوردستانن هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ تا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى‌ شه‌ڕى داعش، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش له‌ عیراق و سووریا هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى جیددى له ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌كات، بۆیه‌ هاریكارى و هه‌ماهه‌نگی هه‌ولێر و به‌غدا گرینگه‌ و پێویسته‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارییه‌كان هه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ى تیرۆر درووست نه‌بێته‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مریكا، ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى ئه‌منى و ئابوورى له‌ عیراق، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە