نێچیرڤان بارزانى ، له‌ توركیا زیان لێكه‌وتووانى بوومه‌له‌رزه‌ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانى ، له‌ توركیا زیان لێكه‌وتووانى بوومه‌له‌رزه‌ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/2/14، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ده‌ربڕینى هاوخه‌مى و هاوسۆزی خۆى و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى زیان لێكه‌وتووانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌شى ئه‌م مانگه‌، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ توركیا و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى غازى عەنتاب له‌لایه‌ن پارێزگارى بوورسا ـ ڕێكخه‌رى پارێزگاى گازى عەنتابه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، دواى به‌سه‌ركرنه‌وه‌ى بنكه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌سات و دۆخى له‌ناكاوى توركى (ئافاد) له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا، ئاماژه‌ى به‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى كرد و ووتى: “زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێزان پارێزگار و جێگری پارێزگار بۆ ئەو ڕوونكردنەوە و وردەكارییەی كە دایان. حەز دەكەم بە به‌ڕێزیان و هەموو گەلی توركیا ڕابگەیەنم كە ئامادەبوون و هاتنمان، بە مەبەستی دەربڕینی هاوخه‌مى و هاوسۆزی و وەفادارییە بۆ گەلی توركیا و خەڵكی لێقەوماو. بە ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەو خێزانانە دەكەین كە ئازیزانیان لە دەست داوە و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.”

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا “بەگوێرەی تواناكانمان لە هەرێمی كوردستان هەوڵمان دا ئەوەی كە لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین و بەردەوامیش دەبین. جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت بكەم كە ئەوەی لە دەستیان هاتووە لە هاوكاری و بەهاناوەهاتن، ئەنجامیان داوە. دەمەوێت سوپاسییەكی تایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی و كاك مووسا ئەحمەد بكەم كە ئەویش لێرە لەگەڵمان ئامادەیە.”

له‌ كۆتاییى لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ووتى: “بەو ئیمكانیاتە كەمەی كە هەمانە، ویستمان وەفاداری و هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەلی توركیا دەرببڕین و پەنا بە خوا و دڵنیام كە ئەم دۆخە ناخۆشە تێدەپەڕێت. هەروەها دڵنیام كە حكوومەتی توركیا و بەڕێز سەرۆك كۆماری توركیا بە جددی لەسەر پرسی ئاوەدانكردنەوە دەوەستن. توركیا ووڵاتێكی گەورەیە و بێگومان ئەم قەیرانەش بە سەربەرزی تێدەپەڕێنێت. جارێكی دیكە سەرەخۆشیمان قبووڵ بكەن و خوا هاریكار بێت.”

پاشان سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كه‌مپى لێقه‌وماوانى له‌ شارۆچكه‌ى نوورداغى سه‌ر به‌ پارێزگاى گازى ئانته‌پ به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌یه‌ زۆرترین زیانى به‌ركه‌وتووه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ردوو پارێزگارى مێردین و شرناخه‌وه‌ پێشوازى لێكرا. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگار كه‌ وه‌ك ڕێكخه‌رى كاروبارى ناوچه‌كه‌ كار ده‌كه‌ن، دوایین دۆخى ناوچه‌كه‌ و پرۆسه‌ى به‌هاناوه‌چوون و هاوكاریكردنى لێقه‌ومانیان تاوتوێ كرد.

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردانه‌كه‌یدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دواى ئه‌وه‌ له‌ شارۆچكه‌ى ئیسلاحییه‌، شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانى به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ بنكه‌ى ناوه‌ندى قه‌یرانه‌كان كۆبووه‌وه‌. پاشان تیمى فریاگوزاریى هه‌رێمى كوردستانى له‌وێ به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى كاره‌ساته‌كه‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانى قوربانییان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وێ. ‌

له‌وێش له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى: “ئەمڕۆ هاتین بۆ گەیاندنی پەیامی سەرەخۆشیمان بۆ گەل و حكوومەتی توركیا. ئازاری ئێوە ئازاری ئێمەیە، نەخۆشیی ئێوە نەخۆشی ئێمەیە. ئەو ڕۆژانەی كە ئێمە پێویستیمان بە هاوكاری بوو، هەردەم حكوومەتی توركیا و گەلی توركیا دەرگایان بۆ ئێمە كراوە بووە، هەموو كات هاوكارییان كردووین. بۆ پیشاندانی وەفاداری و هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆمان ئەمڕۆ هاتووینەتە ئێرە. پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ ئەو خێزانانەی كە ئازیزانیان لە دەست داوە و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین. دڵنیاین كە توركیا ئەم كارەساتە گەورەیە تێدەپەڕێنێت، لەژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كى دانا و حكوومەتێكی بەهێز، پەنا بەخوا ئەم كارەساتەش تێدەپەڕێت.”

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ووتى: “دەمەوێ هەر بەم بۆنەیەوە و بە هاتنم بۆ كەمپی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لێرە هەماهەنگی دەكات بۆ ئەو هاوكارییانەی لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانە دەكرێن، سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و كاك مووسا ئەحمەد دەكەم. سوپاسی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، وەزارەتی تەندرووستی، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری شارستانی، كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، مانگی سووری عێراقی. ئەمڕۆ هاتووم پێیان بڵێم كە سەری ئێمەتان بەرز كردووە و دەستخۆشییەكی گەرم لە هەموویان دەكەین و پەنا بەخوا ئەوەی كە لە تواناماندا بێت بۆ ئەو كەسانەی ڕووبەڕووی ئەم كارەساتە بوونەتەوە، درێخی ناكەین. خوا هاریكار بێت و هەر سەركەوتوو بن.”

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها ووتى: “ئەوەی ئەنجامی دەدەین بە ئه‌ركى خۆمانی دەزانین، ئێمە برای یەكترین، لە ڕۆژانی ناخۆشدا ئێوە هاوكاری ئێمەتان كردووە و دەرگاكانی خۆتان بۆ ئێمە كردۆتەوە، ئەمڕۆش ئەوەی لە تواناماندا بێت پێویستە ئەنجامی بدەین. لە هەرێمی كوردستان بە گشتی، لە سلێمانی، دهۆك، هەولێر، هەڵەبجە و هەموو شوێنێكی كوردستان خەڵك خەمبارە و دڵیان لەگەڵ توركیایە. دڵی گەلەكەمان لەگەڵ ئێوەیە و خوای گەورە دڵنه‌وایى و ئارامیتان پێ بدات. پەنا بەخوا ئەم كارەساتە تێده‌پەڕێت.”

هه‌روه‌ها له‌ ووڵامى ڕۆژنامەواناندا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ “ئەوەی لە تواناماندا بێت چ بۆ توركیا و چ بۆ سووریا، ئەنجامی دەدەین. جێگەی دەستخۆشییه‌ و سوپاسى دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمى كوردستان لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ین، چوونكە ئەو ڕێكخستن و دیسپلینەی هەیانە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ ئەم ئامادەكارییە. ئێمە دراوسێى توركیاین و خەمبار بووین بەو كارەساتەی لێرە ڕوویدا و ئەو كارەی كە ئەمانە ئەنجامیان داوە، بە دڵ ئەنجامیان داوە. بێگومان هاوكارییەكان بەردەوام دەبن.”

سه‌رۆك نێچیرڤان هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه‌یان ووتى “ئەم پرسە پرسێكی مرۆڤایەتییە، ئێمە هەموومان برای یەكترین، چ تورك و چ كورد و هەر ئایین و مەزهەبێك، هەموومان برای یەكترین، كاتێك برایەتی هەبێت پێویستە لە كاتی تەنگانەدا ئێوە هاریكاریمان بكەن، كه‌ ئێوەش پێویستتان بوو، ئێمە هاوكاریتان بكەین، هاریكاریی ئێمە هاریكاری برایەتییە.”

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ “ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەویە لە هەموو ئەو دۆخە سەخت و ناخۆشانەدا كه‌ بەسەر ئێمەدا هاتوون، هەموو كات توركیامان بینیوە هاوكار و پاڵپشتی ئێمە بووە و لە دۆخی زۆر ناخۆش هەموو كات میللەت و دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئێمە وەستاون و هاوكاری ئێمەیان كردووە. بەهۆی ئەو كارەساتەوه‌ كە لێرە ڕوویداوە، ئێستا لە هەر ماڵێكی كوردستانی عێراق پرسەیە و لە زۆر شوێن ڕێوره‌سمى خۆشی و شایی و ئاهەنگ وەستاون بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ گەلی توركیا.”


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە