نێچیرڤان بارزانى : هه‌رگیز خاتوو میتیران له‌ یاد ناكه‌ین

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانى : هه‌رگیز خاتوو میتیران له‌ یاد ناكه‌ین

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ گیلبێر میتیران، كوڕى دۆستى گه‌لى كورد خاتوو دانیال میتیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌رگیز خاتوو میتیران له‌ یاد ناكات كه‌ وه‌ك دایكێكى میهره‌بان پشتگیرى له‌گه‌لى كوردستان كرد و له‌ فه‌ره‌نسا و له‌ ئه‌ورووپا و له‌ هه‌ر كوێ بۆى كرا، داواى یارمه‌تیدانى گه‌لى كوردستانى ده‌كرد.

 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/12/7 له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ گیلبێر میتیران كوڕى خاتوو میتیران كرد كه‌ بۆ به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى یادى ده‌ ساڵه‌ى دایكیدا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان هه‌روه‌ها باسى له‌ ڕۆڵ و دڵسۆزی خاتوو میتیران بۆ خه‌ڵكى كوردستان و هاندانى سه‌ركردایه‌تی كوردستانى بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى كرد و به‌خشینى نازناوى (دایكى كورد)ى به‌ خاتوو میتیران پڕ شایسته‌ زانى كه‌ به‌ ڕاستى دایكایه‌تى بۆ گه‌لى كوردستان و پشتیوانى له‌ دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ى كرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیری به‌رده‌وامى فه‌ڕه‌نسا له‌ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ مسیوو گیلبێر میتیران خۆشحاڵی خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و به‌شداریكردنى له‌ ڕێوڕه‌سمى یادى ده‌ ساڵه‌ى كۆچى دوایی دایكیدا كرد و سوپاس و پێزانینى بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ وه‌فادار و دڵسۆزه‌ بۆ خاتوو میتیران و هه‌وڵ و كۆششى له‌پێناو یارمه‌تیدان و پشتگیریكردنى گه‌لى كوردستاندا، سه‌رسامى و خۆشحاڵی خۆیشى به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا.

له‌ دیداره‌كه‌د باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، كونسوولى گشتی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر‌، به‌رپرسى ڕێكخراوى فرانس لیبرتێ، سه‌رۆكى ئه‌نستیتوى كوردی پاریس و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا ئاماده‌ بوون.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە