نێچیرڤان بارزانى: پرسی كەركووك لە كردنەوەی بارەگایەك زۆر گەورەترە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى: پرسی كەركووك لە كردنەوەی بارەگایەك زۆر گەورەترە
لە لێدوانێكدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق و پێویستی بەشداریكردنی دەنگدەران تیایدا بەمەبەستی پاراستن و زامنكردنی مافی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كرد.
سەرەتا ڕایگەیاند : "بێگومان ئەم هەڵبژاردنانە، هەڵبژاردنی زۆر زۆر گرینگن بۆ هەموو كوردستان و بەتایبەتی بۆ زامنكردنی ئەو دەستكەوتانەی كە هەرێمی كوردستان و كورد لە بەغدا هەیەتی. لەم ڕوانگەیەوە پارتی بە هەموو شێوەیەك خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە ئامادە كردووە، چوونكە مەبەست لەم هەڵبژاردنانە و بەشداریكردنی كارا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستانە كە بۆ ئەم دەستكەوتانە پارتی ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لەم مەسەلەیەدا و پێویستە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لەم هەڵبژاردنانەدا بە گوڕ و تینێكی زۆر جیددییەوە بەشداری بكەن و بەشداریكردنی هەر دەنگێك زامنكردنی ئەو دەسكەوتانەیە و بەرەوپێشبردنی ئەو دەستكەوتانەیە لە عیراقدا".
لە ووڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك و میكانزمی گەڕانەوەیان، بەڕێزیان ئاشكرای كرد "بێگومان بارەگاكانی پارتی لە كەركووك دەكرێنەوە، بەڵام مەبەست هەر ئەوە نییە بارەگاكان بكرێنەوە، پرسی كەركووك زۆر لە كردنەوەی بارەگایەك گەورەترە، پرسی كەركووك پرسێكی قووڵ و جیددییە و پێویستی بە چارەسەرێك هەیە كە لە چوارچێوەی عێراقدا ئەم چارەسەرەی بۆ بدۆزرێتەوە و یەكێك لەو كارانە پرسی مادەی ١٤٠ی دەستوورییە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت. بابەتی گەڕانەوەی بارەگاكان هەنگاوێكی باشە، بەڵام پرسی ئێمە لەسەر كەركووك تەنیا كردنەوەی بارەگا نییە، بابەتەكە ئەو مافەیە كە گەلی كوردستان هەیەتی كە دەبێت ئەو مافە دیسانەوە ئێمە دەستەبەری بكەین".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، هەروەها ڕایگەیاند "پەیوەندی هەولێر و بەغدا باشە و دەتوانین قسە لەگەڵ یەكتری بكەین، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە كە ئایا هیچ كێشەیەك یان ئەو كێشانەی هەن تا ئێستا چارەسەر كراون؟ نەخێر تا ئێستا چارەسەر نەكراون، بەو هیوایەن كە دوای ئەم هەڵبژاردنانە ئەو كێشانەی تا ئێستا ماون پەنا بەخوا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە".
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە