نێچیرڤان بارزانى : پشتگیرى له‌ هه‌ر هه‌وڵێكى چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى : پشتگیرى له‌ هه‌ر هه‌وڵێكى چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2022/6/5 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌ندامانى سه‌ربه‌خۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق كرد كه‌ وه‌ك لیژنه‌ى گفتوگۆ ده‌ناسرێن.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسی عیراق، ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌مى و هه‌وڵه‌كان بۆ لێكگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ده‌رچوون له‌ چه‌قبه‌ستوویى و بنبه‌ستى سیاسى، تاوتوێ كران.

شانده‌كه‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دیدار و گفتوگۆ ئه‌نجام بده‌ن بە مەبەستی لێكنزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ بنبه‌ستى سیاسى له‌ عیراق.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، پشتگیرى بۆ هه‌وڵه‌كانیان و هه‌موو هه‌وڵ و هه‌نگاوێك دووپات كرده‌وه‌ كه‌ كار بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و سه‌ختییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق بكات و هیواى خواست ئه‌نجامێكى باش له‌ هه‌وڵه‌كانیان بكه‌وێته‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ شاندى میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك نێچیرڤان و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانى بۆ لێكگه‌یشتن و لێكنزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هیوایان خواست له‌سه‌ر ئاستى عیراقیش ڕۆڵى هاوشێوه‌ بگێڕێت.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە