نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ به‌رپرسێكى کۆشکی ئه‌لیزە كرد

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ به‌رپرسێكى کۆشکی ئه‌لیزە كرد

شه‌وى چوارشه‌ممه‌ 2023/10/4 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ پاتریک دوورێل ڕاوێژکاری سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقیا کرد.

له‌ دیدارێكدا ده‌ربارەى به‌رنامه‌ى سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى ئیمانوئێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرینگی په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵ و به‌شداری كاراى فه‌ره‌نسا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعشدا كرد، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بایه‌خ و پێویستی پشتگیری فه‌ره‌نسا له‌ عێراق له‌م قۆناغه‌دا، هاوڕا بوون.

ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ گرینگی ته‌بایى و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و یه‌كده‌نگى و یه‌ك هه‌ڵوێستییان له‌ به‌غدا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى ماكرۆن و پشتگیری فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، ده‌رباره‌ى كێشه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور و سیستەمى فیدراڵى، هه‌میشه‌ ئاماده‌ى چاره‌سه‌رییه.‌

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ووڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش له‌ عێراق و سووریا، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە